ئەنجوومەنی ئاسایش: لە 6 مانگدا دەست بەسەر نزیکەی 700 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیراوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماری چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ماوەی کەمتر لە حەوت مانگدا دەست بەسەر 672 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیراوە و دەیان بازرگانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیش دەستگیرکراون.
رۆژی چوارشەممە، 24ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە 1ـی حوزەیرانی 2025 تاوەکو 23ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان بە هاوکاریی دەزگا ئەمنییەکانی دیکە، چەندین ئۆپەراسیۆنی سەرکەوتوویان کردووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لەو ماوەیەدا دەیان کەس بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون کە ژمارەیەکیان بازرگانی "بیانی و نێودەوڵەتین"، هاوکات دەیان کەسی دیکەش بە تۆمەتی بەکارهێنان دەستگیرکراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و رەوانەی دادگا کراون.
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان وردەکاریی ئەو مادە هۆشبەرانەی ئاشکرا کردووە کە دەستیان بەسەردا گیراوە، کە 671 کیلۆ و 364 گرام بووە:
کریستاڵ: 193 کیلۆ و 681 گرام.
ماریجوانا: 167 کیلۆ 157 گرام.
حەبی کەپتاگۆن: 201 کیلۆ و 180 گرام.
هێرۆین: 56 کیلۆ و 627 گرام.
حەشیش: 25 کیلۆ و 301 گرام.
کۆکاین: 13 کیلۆ و 668 گرام.
تلیاک: 12 کیلۆ و 450 گرام.
دەرزیی ئیفدرین: 6000 دانە.
حەبی تڕامادۆڵ: 3253 شیت.
هەر لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، کە لە چالاکییەکی هاوبەشدا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەست بەسەر بڕی 197 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ دا گیراوە و لەبەر ئەوەی شوێنی دەستبەسەرداگرتنەکە لە دەرەوەی هەرێم بووە، دۆسیە یاساییەکەش لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
ئەنجوومەنی ئاسایش جەخت دەکاتەوە کە ئەم هەڵمەتانە لەپێناو پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و بێ ماددەی هۆشبەر بەردەوام دەبن.