وەزارەتی پێشمەرگە: هیچ کەموکوڕییەک لە خواردنی پێشمەرگەدا نییە

رووداو دیجیتاڵ
 
هاونیشتمانییەک کە خۆی وەک پێشمەرگە ناساند، پەیوەندی بە رووداوەوە کرد و رایگەیاند، خواردن لە سەنگەرەکان باش نییە. بەڵام فەرماندەیەکی لیوای 26ی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی، خواردنیان زۆر باشە و سووتەمەنیشیان هەیە. بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەش رەتی دەکاتەوە، خواردنی پێشمەرگە باش نەبێ. 
 
ئەمڕۆ چوارشەممە هاونیشتمانییەک پەیوەندی بە تۆڕی میدیایی رووداوەوە کرد و خۆی وەک پێشمەرگە ناساند و گوتی، خواردنیان باش نییە و داوای کرد ئەو کێشەیان بۆ چارەسەر بکرێ. بەڵام گوتەی ئەو هاونیشتمانییە لەلایەن ژمارەیەک بەرپرسی وەزارەتی پێشمەرگە و پێشمەرگەی دیکەوە رەتکرایەوە. 
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی 12ی 2025، عوسمان ریشە، بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دەنگۆی خراپیی خواردنی پێشمەرگە لە سەنگەرەکان رەتدەکەینەوە و شتی وەها هەرگیز راست نییە. لە هەر کوێیەکیش بابەتێکی وەها هەبێت، لیژنە پێکدەهێنین و بە زووترین کات کێشەکە چارەسەر دەکەین."
 
بە گوتەی بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە، هەموو لیواکان مانگانە ئازووقەیان پێدەدرێ و ئەوانیش بەسەر فەوجەکاندا دابەشی دەکەن. 
 
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەدا، ئازووقەکە هەموو مانگێک بەدروستی دەگەیێندرێتە جێگەی خۆی و هیچ یەکەیەکی سەربازی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لێی بێبەش ناکرێ.
 
 عوسمان ریشە گوتی، لە هەر لیوا، فیرقە، فەوج و سەنگەرێك کێشەیەکی وەها هەبێت، دەستبەجێ لیژنەی بۆ پێکدەهێندرێ و کێشەکە چارەسەر دەکرێ؛ جەختی لەوەش کردەوە کە ناکرێ پێشمەرگە خواردنی خراپ بێت. 
 
بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: "پشکنینمان هەیە و هەموو چێشتخانە و خواردنەکانیش دەپشکنین. هاوکات لیژنەی هەواڵگریمان هەیە و لەسەر ئەم بابەتانە بەدواداچوون دەکات."
 
عوسمان ریشە دەشڵێت: "لیژنەیشمان هەیە کە ئاگاداری هەموو ئەرک و کارەکانە، ئاگاداری خواردن و هەموو جۆرەکانی خواردنیشە لە هەموو یەکە سەربازییەکان. ئێمە بەرپرسین لە دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکە سەربازییەکانی پێشمەرگە و لە هەر شوێنێک خواردنی پێشمەرگە خراپ بێت، لێی دەکۆڵینەوە و بەرپرسیارین."
 
گوتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی: "هاونیشتمانی چۆن لە ماڵەکەی خۆیدا سێ ژەم دەخوات، پێشمەرگەیش بە هەمان شێوە سێ ژەم نان دەخوات. کواڵیتیی خواردنەکەیش زۆر باشە. هەر بەرپرسێکیش کەمتەرخەم بێت، لیژنەی لەسەر پێکدەهێنین و لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێ."
 
لەبارەی هەمان بابەت، رائید ئەیووب محەممەد لە لیوای 12ی فیرقەی 9ی وەزارەتی پێشمەرگە بە رووداوی گوت: "خواردنمان زۆر باشە؛ سووتەمەنیمان باشە؛ کارەبامان 24 کاژێرە و شوێنی مانەوەمان لەنێو باڵەخانەدا باشە."
 
بەڵام رائید ئەیووب محەممەد بە پێویستی زانی، شوێنی مانەوەی پێشمەرگە لە سەنگەرەکان باشتر بکرێ.
 
پێشمەرگەیەکیش گوتی: "خواردنمان زۆر باشە و سووتەمەنیشمان هەیە، بەڵام پێویستە سەنگەرەکانمان باشتر بکرێن، بەتایبەتی بۆ کاتی سەرما و سۆڵە."