لە مانگێکدا لە لوڕستان دەست بەسەر 1.4 تۆن مادەی هۆشبەردا گیرا

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای لوڕستان رایگەیاند، تەنیا لە ماوەی مانگێکدا دەستیان بەسەر هەزار و 400 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گرتووە و زیاتر لە 500 بازرگان و فرۆشیاریشیان دەستگیر کردووە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 24-12-2025، محەممەدرەزا هاشمی فەر، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای لوڕستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئاماری چالاکییەکانی مانگی رابردووی هێزەکانیانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "لە ماوەی مانگێکدا دەست بەسەر هەزار و 400 کیلۆگرام مادەی هوشبەردا گیراوە و 528 تۆمەتباری پەیوەندیداریش بەو تاوانانەوە دەستگیرکراون."
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی لوڕستان، ئەو کەسانەی دەستگیرکراون پێکدێن لە "161 قاچاخچیی گەورە و 367 فرۆشیاری مادەی هۆشبەر." هاوکات دەست بەسەر ژمارەیەک ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلدا گیراوە، کە بۆ گواستنەوەی مادەکان بەکارهێنراون.
 
جگە لە بازرگانان، هەڵمەتەکە بەکارهێنەرانیشی گرتووەتەوە. هاشمی فەر گوتی: "300 ئاڵوودەبووی مادە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون و رەوانەی سەنتەر و کەمپەکانی تایبەت بە وازهێنان لە مادە هۆشبەرەکان کراون."
 
پێگەی جوگرافیای لوڕستان وایکردووە ئەو پارێزگایە ببێتە رێڕەوێکی سەرەکی بۆ گواستنەوەی مادەی هۆشبەر. پارێزگاکە هاوسنوورە لەگەڵ پێنج پارێزگای ئێران (خوزستان، چوارمەحاڵ و بەختیاری، مەرکەزی، هەمەدان و ئیسفەهان) و دوو پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان (کرماشان و ئیلام). ئەمەش وایکردووە وەک ترانزێتێک بۆ گواستنەوەی مادەی هۆشبەر بۆ نێوخۆ و دەرەوەی وڵات بەکاربهێنرێت.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی پۆلیسی نەهیشتنی مادە هۆشبەرەکانی لوڕستان، ساڵانە لە سنووری ئەو پارێزگایەدا دەست بەسەر زیاتر لە 15 تۆن مادەی هۆشبەری جۆراوجۆردا دەگیرێت.