فایەق زێدان: پەیوەندیی ناوازەمان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی هاوکاری چارەسەرکردنی کێشەکان بووە


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایدەگەیێنێت، پەیوەندییان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ناوازەیە و "لە روانگە و دیدەکانماندا بۆ پرسە نیشتمانی، دادوەری و یاسایییەکان هاوڕاین."
 
دادوەر فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە، 24-12-2025 لەبارەی پەیوەندییان لەگەڵ سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و چەند پرسێکی دیکە قسەی بۆ رووداو کرد
 
فایەق زێدان گوتی: "پەیوەندیمان لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی ناوازەیە و لە روانگە و دیدەکانماندا بۆ پرسە نیشتمانی، دادوەری و یاسایییەکان هاوڕاین. ئەم پەیوەندییە ئەرێنییەش هاوکار بووە لە چارەسەرکردنی زۆرێک لەو پرسانە."
 
دوایین کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە نێوەڕاستی مانگی رابردوو بوو لە دهۆک. 
 
فایەق زێدان رایگەیاند، "بە حوکمی پەیوەندییە کەسییەکانمان لەگەڵ زۆربەی سیاسییەکان و هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراق، بەشداریمان کردووە لەو هەوڵانەی کە هەموو ئەو کەسایەتییانە دەیانخەنە گەڕ بۆ گەڕانەوەی تەباییی نیشتمانی و پێشخستنی بنەمای (عێراق لە پێش هەمووانە) و (ئینتیما بۆ عێراق) پێش هەر ئینتیمایەکی دیکەی لاوەکی."
 
لە دوایین کۆبوونەوەیاندا، وەکو سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە: نێچیرڤان بارزانی جه‌ختی له‌ گرنگیی رۆڵی دەسەڵاتی دادوەری لە گەرەنتیکردنی سەقامگیریی یاسایی و سیاسی و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاکانی وڵات کردبووەوە.