موسڵمان و کریستیان پێکەوە کەنیسەیەک لە کۆیە دروست دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

نوێترین کەنیسەی عێراق و هەرێمی کوردستان لە هەرمۆتەی سنووری کۆیە کرایەوە. ئەم ساڵ لە کەنیسەکە یەکەم نوێژی جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیحی تێدا دەکرێت.
 
کەنیسەکە لەسەر رووبەری دوو دۆنم زەوی دروستکراوە و بووەتە جێی سەرنج و دڵخۆشیی کریستیانەکانی ناوچەکە، هەروەها پەیامێکی نوێی پێکەوەژیانە لە هەرێمی کوردستان.
 
دوای دوو ساڵ لە کارکردنی بەردەوام، ئێستا هەرمۆتە خاوەنی گەورەترین و نوێترین کەنیسەی کلدانییە. لێرە لە ناو جەرگەی گوندەکە، نزاکان بۆ پیرۆزکردنی ئەو ماڵە نوێیەی خودا دەستیان پێکردووە، کەنیسەیەک کە بە ئەندازەسازییەکی سەرنجڕاکێش و دەیان سیمبوولی پیرۆز، نەخشی پێکەوەژیانی لەو ناوچەیە تۆختر کردووەتەوە.
 
قەشە زەیا شابا، قەشەی هەرمۆتە و کۆیەیە، لەبارەی گرنگیی ئەو پڕۆژەیە دەڵێت: "لێرە لەم گوندە 120 خێزانی کریستیان دەژین، ئەم کەنیسەیە شوێنی 400 تاوەکو 500 کەس دەبێتەوە. کەنیسەکە لەسەر ئەرکی مەترانیەی هەولێر و عەنکاوە دروستکراوە، بەڵام ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە، تەنانەت خێرخوازانی موسڵمانیش بەشداربوون لە دروستکردنی ئەم ماڵە پیرۆزەدا."
 
دڵخۆشترین کەس بەو کەنیسەیە، کریستیانەکانی تاقە گوندە کریستیاننشینەکەی ئەو ناوچەیەن. بۆ ئەوان، ئەوە تەنیا ناوەندێکی ئایینی نییە، بەڵکو سیمبوولی مانەوەی سەتان ساڵەیانە لەم خاکەدا.
 
ریاز عەزیز پەترۆس، هاونیشتیمانییەکی کریستیانە و باس لە مێژووی کەنیسەکان دەکات و دەڵێت: "سێ کەنیسەی کۆن لە هەرمۆتە هەن، وەک مار میخائیل و مار یوسف و کەنیسە دێرینەکەی مەریەمی عەزرا، بەڵام ئەوان زۆر بچووک بوون و لە جەژنەکاندا نیوەمان بەپێوە دەوەستاین، ئێستا ئەم کەنیسە نوێیەمان هەر بەناوی مەریەمی عەزراوە ناو ناوە و زۆر دڵخۆشین جێگەی هەموومانی تێدا دەبێتەوە."
 
کریستیانەکانی ئێرە، سەرەڕای دڵخۆشییان، چاویان لە خزمەتگوزاریی زیاترە بۆ ئاوەدانکردنەوەی گوندەکەیان. 
 
کامەران ئەندراوس کە یەکێکە لە دانیشتووانی گوندەکە، بە رووداوی گوت: "ئەم کەنیسەیەی بۆ ئێمە کراوە بێ پایان دڵخۆشی کردووین، چونکە ئەوەی لێرە بۆ ئێمە کراوە لە زۆر شوێنی دیکەی عێراق نەکراوە."
 
کەنیسەکە بڕیارە لە مانگی ئازاری ساڵی 2026 بە فەرمی بەڕووی هەموواندا بکرێتەوە. 
 
لە دوای ساڵی 2003وە، لە عێراق زیاتر لە 100 کەنیسە لەناوچوون و زەنگەکانیان لە لێدان کەوتووە، ئەوەش بووەتە هۆی کۆچی سەتان هەزار کریستیان بۆ دەرەوەی وڵات، بەڵام کردنەوەی ئەو کەنیسە تازەیە لە هەرێمی کوردستان، ئومێدی مانەوە و جێگیریی دۆخی کریستیانەکان زیاتر دەکات.