زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی ناحیەی شۆڕش نیگەرانن؛ "لیژنە سەردانیان دەکات"
رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی گەڕەکێکی ناحیەی شۆڕش لە سنووری چەمچەماڵ نیگەرانن لەوەی تاوەکو ئێستا لیژنەی خەمڵاندنی زیانەکانی لافاو سەردانی نەکردوون. قایمقامی چەمچەماڵیش دەڵێت، ناوی هەموویان تۆمارکراوە و لە رۆژانی داهاتوودا لیژنەکان دەچنە لایان.
لە لافاوەکەی سەرەتای ئەم مانگەدا، لە گەڕەکی (قادرکەرەمییەکان)ـی ناحیەی شۆڕش، زیان بە زیاتر لە 50 ماڵ گەیشتووە، بەڵام دانیشتووانی گەڕەکەکە دەڵێن، "کەس نەهاتووەتە نێو ماڵەکانمان بۆ بینینی زیانەکان."
ئەمڕۆ چوارشەممە 24-12-2025 ئومێد مەحموود قادر، یەکێک لە دانیشتووانی گەڕەکەکە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "لە گەڕەکەکەمان 53 ماڵ لافاو زیانی پێگەیاندوون، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ لیژنەیەک نەهاتووە سەردانی ماڵەکان بکات و کەس لێمانی نەپرسیوە."
ئەو هاونیشتمانییە باسی لەوەش کرد، ماڵی خۆی و باوک و براکانی هەموویان زیانیان بەرکەوتووە و "تاوەکو ئێستا هیچ هاوکارییەکی حکومەتمان پێ نەگەیشتووە."
"لیژنە سەردانیان دەکات"
ئاسۆ بەکر، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ دڵنیایی دەداتە دانیشتووانی ئەو گەڕەکە و بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ئەو ماڵانەی گەڕەکی قادرکەرەمییەکان کە دەڵێن لافاو چووەتە ماڵەکانیان، پێشتر لەلایەن ناحیەی شۆڕشەوە ناویان تۆمارکراوە و لیستەکە نێردراوە بۆ قایمقامیەتی چەمچەماڵ."
قایمقامی چەمچەماڵ دەڵێت، ئەمڕۆ لەگەڵ نوێنەری ئەو ماڵانە کۆبووەتەوە و گوتیشی: "دڵنیام کردنەوە کە لە رۆژانی داهاتوودا لیژنە سەردانی مەیدانیی ماڵەکانیان دەکات. هەر ماڵێک لافاو چووبێتە ناوی و زیانی بەرکەوتبێت، تۆمار دەکرێت و بەگوێرەی قەبارەی زیانەکان، هاوکاری دەکرێن."
عەتا محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بووژانەوەی چەمچەماڵ رایگەیاند، لەگەڵ بۆردی چاودێریی هاوکاریی زیانلێکەوتووانی لافاو، بڕیاریانداوە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو لێکۆڵینەوە لەو سکاڵایانە بکەن کە هاووڵاتییان پێشکێشیان کردووە.
رۆژی 07-12-2025، شەپۆلێکی بارانبارینی بەهێز باشووری کوردستانی گرتەوە و سێ رۆژ بەردەوام بوو، بەهۆیەوە لە چەند ناوچەیەک لافاو دروستبوو و پێنج کەس گیانیان لەدەستدا. لە سنووری چەمچەماڵ زیاتر لە 1000 ماڵ و 12 قوتابخانە زیانیان پێگەیشت.