گەنجینەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان داخرا؛ "هەفتەی داهاتوو مووچە دابەش دەکرێت"

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری رایگەیاند، سەرەتای هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی تشرینی یەکەم تەمویل دەکرێت و سەرەڕای ئەوەی پشووی فەرمییە، بەڵام مووچە دابەش دەکرێت.
 
رۆژی چوارشەممە، 24ی کانوونی یەکەمی 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: ''ئەمڕۆ رێکارەکانی تەمویلکردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە عێراق دەستیپێکردبوو، بەڵام تەواو نەکرا. بڕیار بوو سبەی پارەکە تەمویل بکرێت، بەڵام سبەی پشووە، بۆیە تەمویلکردنی پارەکە دەکەوێتە سەرەتای هەفتەی داهاتوو.''
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا، رۆژی پێنجشەممە، 25ی کانوونی یەکەمی 2025، بەبۆنەی جەژنەکانی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح (دروودی خوای لەسەر بێت) لە سەرجەم فەرمانگە حکومییەکاندا پشووی فەرمی بێت.
 
سەرچاوەکەی رووداو گوتی: ''سەرەڕای ئەوەی لە 25ی ئەم مانگەوە بەهۆی سەری ساڵەوە پشووی فەرمی دەبێت، بەڵام دوای تەمویلکردنی پارەکە بۆ سەر هەژماری بانکیی وەزارەت، لیستی مووچە رادەگەیێندرێت و لە رۆژانی پشوودا لە ماوەی 3 رۆژدا مووچە دابەش دەکرێت.''
 
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، ''ئەمڕۆ دوا رۆژی ساڵی دارایی وەزارەت بوو؛ گەنجینەی وەزارەتی دارایی داخرا و هەموو کارەکان راگیران؛ تاوەکو ساڵنامەی نوێی کارکردن، هیچ رێکار و کارێک لە وەزارەتی دارایی ناکرێت.''
 
دوێنی سێشەممە، کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوەچوو. محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵی راسپارد مووچەی مانگی 10ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات. بەڵام هیچ بڕیارێک لەبارەی هەردوو مووچەی مانگی 11 و 12 نەدرا.
 
29ـی تشرینی دووەمی 2025، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی بڵاوکردەوە و رۆژی دواتر و لە سێ رۆژدا مووچەکەی دابەش کرد.