کاری لیژنەی هاوبەشی یەکێتی و پارتی بۆ پرسی هەڵبژاردن وەستا

رووداو دیجیتاڵ

لێکترازانی پارتی و یەکێتی لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە بەغدا لە هەولێریش رەنگیداوەتەوە و راستەخۆ کاری ئەو لیژنەیەی نێوان هەردوولای لەسەر یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی کوردستانی راگرتووە.
  
لوقمان وەردی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "یەکێتی و پارتی دوو لایەنی رەسەنی ئەو وڵاتەن کاتێک کە پەیوەندییەکاناین باش دەبێت کاریگەری لەسەر شێوازی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستانیش دەبێت، بۆیە یەکڕیزی و ناکۆکیش لە بەغدا راستەوخۆ کاریگەری لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستانیش دەبێت، خۆزگە ئەوە رووینەدابا."
 
لیژنەی هاوبەشی پارتی و یەکێتی بۆ یاسای هەڵبژاردن و کۆمیسیۆن تەنیا یەکجار لە پێنجی ئەم مانگە لە سلێمانی کۆبوونەوە و هیچ کۆبوونەوەیەکی دیکەی بەدوادا نەهات. جگە لە وەستانی کۆبوونەوەکانی نێوانیان، خاڵە ناکۆکییەکانیشیان بەربەستی بەردەم هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمی کوردستانە.
 
یەکێتی هاوکات گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتوو دەیانەوێت یاسای هەڵبژاردن هەمواربکرێتەوە و هەڵبژاردن لە یەک بازنەوە بکرێتە چوار یان فرە بازنەیی، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش بە پەیکەربەندی ئێستایەوە متمانەی پێبدرێتەوە، بەڵام پارتی رێک پێچەوانەی ئەو لایەنانە بیردەکاتەوە.
 
نەجات شەعبان، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند "پارتی سوورە کە هەمواری پێکهاتەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بکرێت، لەسەر بنەمای دەنگەکانی هەڵبژاردنی 2018 ، هەروەها پارتی سوورە لەسەر ئەوەی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت."
 
لەگەڵ گوتەبێژی کۆمیسیۆنەکە سەیری خشتەی کارکردن و ئامادەکاری کۆمیسیۆن دەکەین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئەو خشتەیەی کە بەکردارکردنی 6 مانگی پێویستە، بۆیە کۆمیسیۆن جارێکی دیکە داوادەکات تاوەکو کۆتایی مانگی 3 پرسی کۆمیسیۆنەکە و یاسای هەڵبژاردن یەکلاییبکرێتەوە و رابسپێردرێن، بۆ ئەوەی لە کۆتایی مانگی 9 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان بەڕێوەببەن، ئەگینا بە ناچاری دەبێ هەڵبژاردن دوابخرێت. 
 
شێروان زرار، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند "بەرپرسیاریێتی دواخستنی هەڵبژاردنەکان لە ئەستۆی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و فراکسیۆنەکانی پەرلەمانە، ئەوەی واقیعییە ئەوەیە کە ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی ئێستا بمێنن، هەروەها هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، دوای ئەوە ماوەیەکی باش لەبەردەمت دەبێت، ئینجا یاسای هەڵبژاردن هەمواربکرێتەوە."
 
دووجار و لە 2019 و 2020 کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی کوردستان، پەرلەمانی کوردستانیان ئاگادارکردووەتەوە لە کۆتایی هاتنی وادەی یاسایی کۆمسیۆنەکە ئەو کۆتاییەی هیشتا ناکۆکی لایەنە سیاسییەکان رێگربووە بگاتە سەرەتایەکی نوێ.