هەندرێن محەممەد: ماوەی 8 مانگ بۆ ئامادەکاریی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان پێویستە


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەگەر بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تۆماری بایۆمەتری و تەکنۆلۆجیا بەکاربێت، ماوەی هەشت مانگ بۆ ئامادەکاری پێویستە. دەشڵێت، بۆ ئامادەکاریی هەڵبژاردن نزیکەی 25 ملیۆن دۆلار بودجە پێویستە.
 
رۆژی چوارشەممە، 25-01-2023، هەندرێن محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: ''ئەگەر تۆماری بایۆمەتری و تەکنۆلۆجیا بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەکاربێت، سەرەڕای ئەوەی کە لە پەیڕەوی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکاندا باس لە ماوەی شەش مانگ بۆ ئامادەکاری کراوە، رەنگە هەشت مانگ کاتمان پێویست بێت.''
 
لایەنە سیاسییەکان کۆکن لەسەر ئەوەی کە دەبێ لە ساڵی 2023دا هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت.
 
ئەوە لەکاتێکدایە سێ رۆژ لەمەوپێش شێروان زرار، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان لەبارەی پێکهاتەی کۆمیسیۆن و ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانەوە بە رووداوی گوت: "ئێمە وەکو کۆمیسیۆن چوار جار بە نووسراو داوامان لە پەرلەمانی کوردستان کردووە بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بگۆڕێت و ئەنجوومەنێکی نوێ راسپێردرێت بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردن، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبووە.''
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیش دوای کۆبوونەوەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "دەبێت ھەرچیی زووترە دانیشتنی نائاسایی پەرلەمانی کوردستان بکرێت بۆ خوێندنەوەی یەکەمی ئەو پێشنیازە یاسایانەی کە پێشتر لەلایەن فراکسیۆنە جیاجیاکانەوە پێشکێشکرابوون بۆ ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، جێگیرکردنی فرەبازنەیی و تۆماری بایۆمەتری دوایین لیستی دەنگدەرانی ھەڵبژاردنەکانی مانگی 10ی 2021ی پەرلەمانی عێراق.''
 
هەندرێن محەممەد ئاماژەیدا، ''کۆمیسیارانی داهاتووی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بڕیار دەدەن کە چەندە کات پێویستە بۆ ئامادەکاریی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمان و دەبێ چاوەڕوان بین رێکارەکانیان بۆ کورتکردنەوەی ئەو ماوەیە چی دەبێت."
 
یاسای هەڵبژاردن، بازنەکانی هەڵبژاردن، پێکهاتەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی، کورسیی پێکهاتەکان، تۆماری دەنگدەران دیارترین خاڵە ناکۆکەکانی نێوان حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بوون کە دوای کۆبوونەوەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان، دەگوترێت لێکتێگەیشتن لەسەر ئەو خاڵانە، لەنێوان لایەنە سیاسییەکان دروستبووە.
 
سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، بودجەی پێویستی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە 25 ملیۆن دۆلار بەراورد دەکات و گوتیشی، ''بەڵام ئەگەر بۆ هەڵبژاردن لە سیستمی بایۆمەتری و تەکنۆلۆجیا کەڵک وەربگیرێت، لەوانەیە بودجەیەکی زیاتر پێویست بێت.''