دیندار زێباری: دۆسیەی لێکۆڵینەوەمان بۆ تاوانەکانی داعش کردووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەگەڵ تیمێکی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستیان کردووە بە کردنەوەی دۆسیەی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش لە عێراق و هەرێمی کوردستان. دەشڵێت، لە هەرێمی کوردستان بە هاوکاریی تیمەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان نزیکەی 85 هەزار بەڵگەی فیزیکییان لەسەر تاوانەکانی داعش ئەرشیڤ کردووە.
رۆژی چوارشەممە، 25-01-2023، دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان میوانی بوولتەنی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە سیما ئابخێزر پێشکێشی دەکات، رایگەیاند: "حکومەتی هەرێمی کوردستان لایەنێکی گرنگە بۆ پرۆسەی ناساندنی تاوانی داعش دژ بە خەڵکی عێراق و کوردستان و بەتایبەتی خوشک و برایانی ئێزدی. تیمی نێودەوڵەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان یونیتاد بەرپرسیارە لە کۆکردنەوەی داتا و زانیارییەکان لەسەر تاوانەکانی داعش لە هەرێمی کوردستان و عێراق و لەم پرۆسەیەدا ئێمەش هاوکاریانین".
دیندار زێباری گوتی: "تیمی یونیتاد پرۆسەی دروستکردنی دۆسیەی تایبەت بە لێکۆڵینەوەی لەسەر تاوانەکانی داعش دەستپێکردووە و حکومەتی هەرێمی کوردستان لایەنێکی گرنگە بۆ پێدانی زانیاری و تەنانەت پرۆسەی دادگایی و لێکۆڵینەوە."
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دانپێدانانی پەرلەمانی ئەڵمانیا بۆ بەجینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان بە هەنگاوێکی گرنگ وەسف دەکات و دەڵێت: "ئەو بڕیارە پاڵپشتییەکی گەورەیە بۆ هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق و دەمانباتە قۆناخێکی نوێ، کە ئەویش قۆناخی دادگاییکردنی تیرۆریستانی داعشە".
بە گوتەی دیندار زێباری: "یەکەمجارە لە مێژووی عێراقدا وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوای کردووە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دۆسیە بۆ تاوانەکانی داعش دروستبکات و داتا و زانیارییان لەسەر کۆبکاتەوە و بتوانێت بە سێ تاوانی نێودەوڵەتی دادگایی تۆمەتباران دەستپێبکات."
بۆ دروستکردنی دۆسیەی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش نزیکەی 220 ستافی نێودەوڵەتی و نێوخۆیی کاردەکەن، کە هەموویان سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانن. دیندار زێباری گوتی، لە هەولێر و دهۆک دوو ئۆفیسیان هەیە و لە بەغداش ئۆفیسێک، ئەرکی سەرەکی ئەو تیمە چاوپێکەوتنە لەگەڵ شاهێدحاڵەکان، تۆماری دەنگی و داتا و زانیاری کۆدەکەنەوە کە لە میدیاکان و کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردنەوە کۆکراونەتەوە و بە دۆکۆمێنتیان دەکەن و ئێستا ئەم پرۆسەیە دەستیپێکردووە.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، "لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 85 هەزار بەڵگەی فیزیکییان ئەرشیڤ کردووە و پرۆسەکەش بە هاوکاریی یونیتاد بەردەوامە. لەدوای تاوانەکانی داعش ئەوە یەکەمجارە هەرێمی کوردستان بووەتە خاوەن ئەرشیڤێکی ناوەندی کە لە وەزارەتی ناوخۆ ئەرشیڤدەکرێن و ئامانجیش بەکارهێنانیانە لەکاتی دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش".
بەگوتەی دیندار زێباری، لە دهۆک پێنج هەزار دۆسیەی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش کۆکراوەتەوە کە دەستەی جی ئای سی ئی کاری لەسەردەکات و گوتەی دەیان هەزار شاهێدحاڵ وەرگیراوە و حکومەتی ئەڵمانیا لە رێگەی یونیتاد یەک لەو وڵاتانە بووە کە هاوکار بووە لەم پرۆسەیەدا.