پۆلیسی دارستان و ژینگە: ساڵی رابردوو زیاتر لە 1300 تاوانی ژینگەیی کراون
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 9 ملیۆن دۆنم دارستان و پاوان هەن. گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەش دەڵێت، ساڵی رابردوو زیاتر لە هەزار و 300 تاوانی ژینگەیی کراون.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆی ئەو زەوییانەی لە هەرێمی کوردستان دارستان و پاوانن، 9 ملیۆن و 480 هەزار و 762 دۆنم دەبن؛ لەنێویاندا 2 ملیۆن و 542 هەزار و 993 دۆنم دارستانی سرووشتی و دەستکرد هەن، لەو رووبەرەشدا 35 هەزار و 472 دۆنم بەشێوەی دەستکرد چێندراون.
نەقیب فوئاد زراری، گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆ پاراستنی دارستانەکان ساڵانە لە مانگی 10ـەوە بۆ مانگی ئادار مەفرەزەکانیان زیاتر دەکەن و دەیان کەس دەستگیر دەکەن، بەئامانجی ئەوەی رێگە نەدەن کەس تاوانی ژینگەیی بکات و دار ببڕێتەوە.
بەگوێرەی ئاماری پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، ساڵی رابردوو هەزار و 346 تاوانی ژینگەیی کە بەشێكیان داربڕینن کراون، بۆ کۆی تاوانەکانیش هەزار و 317 دۆسیە کراونەتەوە.
گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان گوتی، هاونیشتمانیانی گوندەکان هاوکاریانن بۆ پاراستنی دارستان و ژینگەی ناوچەکانیان، بەڵام کەسانێک هەن "بازرگانی بە دار"ـەوە دەکەن و سزای یاسایی ئەوانەش قورسترە تاوەکو خەڵکی گوندێک بەگوێرەی یاسا.
رووبەری پاوان لە هەرێمی کوردستان کە زورگ و کوێستانەکان دەگرێتەوە، بەگوێرەی راگەیێندراوەکە 6 ملیۆن و 937 هەزار و 769 دۆنمە، كه جگه له‌وه‌ی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر كه‌شوهه‌وا هەیە و رێگه له داشۆرینی زەوی دەگرێت، بۆ بواری ئاژه‌ڵداری و به‌رهه‌می هه‌نگه‌وانی سوودی لێ وەردەگیرێت.
بەگوێرەی ئامارەکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو 71 هەزار و 243 دۆنم پووش و پاوان لە هەرێمی کوردستان بەهۆی رووداوە جیاکانەوە سووتاون.
لە راگەیێندراوەکەی حکومەتدا هاتووە، "بۆ زیادکردنی رووبەری دارستانی ده‌ستكرد، له شاره‌كان 114 پرۆژه، له نێوانیاندا 13 پارک به رووبه‌ری هه‌زار و 586 دۆنم زه‌وی جێبەجێ کراون، له‌م بواره‌دا پشكی شێر به‌ر سلێمانی به 825 دۆنم کەوتووە و به‌شی دهۆک 309 دۆنم بووه و سنووری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی گه‌رمیانیش 262 دۆنم و له پله‌ی كۆتاییشدا پارێزگای هه‌ولێر به 190 دۆنم دێت".
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، لە ساڵی 2022دا زیاتر لە 230 هه‌زار و 386 نه‌مام چێندراون، كه له‌م بواره‌دا پارێزگای سلێمانی زۆرترین نەمامی چاندووە، کە 72 هه‌زار و 692 نه‌مام هەبووە و نزیكه‌ی 83 هه‌زار و 630 نه‌مام فرۆشراوه، كه ته‌نیا له پارێزگای هه‌ڵه‌بجه 38 هه‌زار و 345 نەمان فرۆشراون و له‌و رووه‌وه ئه‌و پارێزگایه به پلەی یه‌كه‌م دێت.
بەگوێرەی مادەی 21 لە یاسای ژمارە 10ی ساڵی 2012ی تایبەت بە دارستان و پاوان لە هەرێمی کوردستان، سزای بڕینەوەی دار پێبژاردنە کە لە نێوان سێ ملیۆن دینار بۆ پێنج ملیۆن دینارە و هەندێکجاریش زیندانیکردنە کە ماوەکەی لە ساڵێک زیاتر نەبێت.