دووشەممە ئەندامانى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک سوێندى یاسایی دەخۆن

رووداو دیجیتاڵ
 
 رۆژى دووشەممەى داهاتوو، ئەندامانى نوێى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک سوێندى یاسایی دەخۆن بۆ ئەوەى بەفەرمى ببنە ئەندامى ئەنجوومەن.
 
 بەگوێرەى ئەو زانیاریانەى تۆڕى میدیایی رووداو لە چەند ئەندامێکى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووکەوە دەستى کەوتوون، 29ى کانوونى دووەمی 2024، ئەندامانى نوێى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە دادگەى پێداچوونەوەى شارەکە سوێندى یاسایی دەخۆن بۆ ئەوەى بە فەرمى ببنە ئەندامى ئەنجوومەن لەدواى ئەوەی لە 21ى کانوونى دووەم کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە فەرمى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى پەسند کرد.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، پەروین فاتیح، ئەندامى نوێى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە لیستى کەرکووک هێز و ئێرادەمانە (یەکێتى) بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لەوە ئاگادارکراونەتەوە کە رۆژى دووشەممەی هەفتەی داهاتوو سوێندى یاسایی دەخۆن و ئەو رۆژەشیان لەلایەن ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریی عێراقەوە بۆ دیاریکراوە.
 
ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە 16 ئەندام پێکدێت، لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق لە 18ى کانوونى یەکەمى ساڵى رابردوو، یەکێتى پێنج ئەندام و پارتى دوو ئەندامى ئەو ئەنجوومەنەى بەدەستهێناوە.
 
بەگوێرەى یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکانى عێراق دەبێت دواى 15 رۆژ لە پەسندکردنى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنەکان، پارێزگارى شارەکە داواى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى نوێ بکات، ئەگەرنا لە رۆژى 16یەمیندا ئەنجوومەنەکە دەسەڵاتى ئەوەى هەیە بە سەرۆکایەتى بەتەمەنترین ئەندامى کۆببێتەوە.
 
راکان جبوورى، پارێزگاى کەرکووک بە وەکالەت، کە ئەندامى لیستى هاوپەیمانیى عەرەبییە، بەتەمەنترین ئەندامى نوێى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووکە.
 
پەروین فاتیح ئاماژەى بەوەدا، ئەگەر راکان جبوورى پارێزگارى کەرکووک بەوەکالەت وەک ئەندامانى ئەنجوومەن سوێندى یاسایی نەخوات، خۆى سەرۆکایەتى یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگا دەکات.