حکومەت: لە چوار ساڵدا 1645 کیلۆمەتر رێگە دروستکراوە و نۆژەنکراوەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە چوار ساڵی رابردوودا بە بودجەی نزیکەی 910 ملیار دینار، هەزار و 645 كلیۆمەتر رێگەوبان دروستکراوە و نۆژەنکراوەتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، 250 کیلۆمەتر رێگە دووساید کراوە. گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەڵێت، پڕۆژەکە لە هەموو پارێزگاکاندا جێبەجێ کراوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە، بڵاویکردەوە، لە چوار ساڵی رابردوودا بە گوژمەی 909 ملیار و 927 ملیۆن دینار، 440 پرۆژەی ڕێگەوبان جێبەکراون و ئەنجامەکەش دروستكردن و نۆژەنکردنەوەی هەزار و 645 كلیۆمەتر رێگە بووە.
لەوبارەیەوە مەریوان مەلا حەسەن، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەو پڕۆژانەدا هیچ شارێک پشتگوێ نەخراوە. پڕۆژەکان لە هەر چوار پارێزگاکە و هەر چوار ئیدارە سەربەخۆکەی هەرێمی کوردستان جێبەجێ کراون."
ئاگرین عەبدوڵڵا، بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە بە ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کورستانی گوتووە، لەو 440 پڕۆژەیە، 65 دانەیان لەسەر بودجەی وەبەرهێنان بوون؛ 171 دانەیان پڕۆژەی بچووك و مامناوەند بوون و لەسەر بودجەی ئاسایی بوون؛ 204 پرۆژەکەی دیکەش لەسەر30%ـی داهاتەكانی كێشكردن بوون.
بە گوێرەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان، لە چوار ساڵی رابردوودا 250 کیلۆمەتر رێگە "دووساید کراون". بریکاری وەزارەتەکە دەڵێت، "ئەو پرۆژانە زۆربەیان لەلایەن كۆمپانیا نێوخۆییەکانەوە جێبەجێ كراون، چونكە شارەزایی و ئەزموونێكی باشیان لەو كارانەدا پەیدا كردووە. لە ئایندەیشدا تەكنەلۆژیای تازە و پۆلیمەر بەكار دەهێنین؛ سیستمی سوپەر پیف و تەكنەلۆژیای بەكارهێنانەوەی قیری كۆن بەكار دەهێنین."