رووداو لە "پایتەختی چیاکان"؛ لووتکەکانی جۆلەمێرگ سپیپۆشن

رووداو - جۆلەمێرگ 

مێرگی بووتان تاکە شوێنی گەشتوگوزاری زستانەیە لە پارێزگەی جۆلەمێرگی باکووری کوردستان کە یاریی خلیسکێنەی سەر بەفری تێدا دەکرێت. تۆڕی میدیایی رووداو بە بووڵتەنێکی تایبەت، ناوچە دڵڕفێنەکەی بە بینەرانی ئاشنا دەکات. 
 
جۆلەمێرگ کە وەک "پایتەختی چیاکان" دەناسرێت، یەکێکە لە شوێنە هەرە ساردەکانی باکووری کوردستان و لە هەندێ لە بەرزایییەکانیدا ئەستووریی بەفر دەگاتە 5 مەتر. 
 
مێرگی بووتان
 
لە جۆلەمێرگ، خلیسکانەی سەر بەفری مێرگی بوتان هەیە کە هەموو ساڵێک هەزاران کەس سەردانی دەکەن. ئەو خلیسکێنەیە لە رووی گەشتوگوزاری زستانە و ئابووریی شارەکەوە، بە شوێنێکی گرنگ هەژمار دەکرێت. شوێنەکە دوو هەزار و 800 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە و 12 کیلۆمەتر لە نێوەندی شاری جۆلەمێرگەوە دوورە. رێگەکەی قیرتاو کراوە، بەڵام خەڵکەکە گلەیی دەکەن لەوەی کە تەسکە.
 
لەو مێرگەدا، هۆتێلێکی 120 ژووری و خواردنگەیەک هەن. لە هەمان کاتدا هەزاران کەس دەتوان لەو شوێنەدا خلیسکێنەی سەر بەفر بکەن. 
شوێنی خلیسکێنەکە، 11 کیلۆمەتر درێژدەبێتەوە. لەگەڵ بارینی یەکەمین بەفردا، گەشتیاران دەتوانن سەردانی بکەن. 
 
لە تورکیا، کوردستان و ئەوروپا گەشتیاران دەچنە مێرگی بووتان
 
 
ئێستا شوێنی خلیسکێنەی سەر بەفری مێرگی بوتان (یان بە کرمانجی: مێرگا بووتانێ) پڕۆژەی هەرە گەورەی وەرزشیی جۆلەمێرگە. 
لە رۆژانی پشوودا، جگە لە خەڵکی جۆلەمێرگ، رۆژانە لانیکەم هەزار گەشتیار لە سەرانسەری تورکیا و باکووری کوردستانەوە رووی تێدەکەن. گەشتیاران تەنانەت لە ئەوروپاشەوە بۆی دەڕۆن. 
 
لووتکە بەرزەکان بە کراسی سپییەوە لە پێشوازیی رووداودان، بووڵتەنی کاژێر 15:00ـی ئەمڕۆی رووداو لە لووتکەی شاخە بەرزەکانی جۆلەمێرگەوە بوو، بۆ ناساندن و سەرنج خستنەسەر شوێنە گەشتوگوزارییەکە.
 
 
هێڤیدار زانا، پێشكێشکاری رووداو لەگەڵ تیمێکی بەرفراوانی هاوکارەکانی لە مێرگی بوتانەوە بووڵتەنەکەیان پێشكێشكرد. شەوکەت هەرکی، پەیامنێری رووداو راپۆرتێکی لە بارەی شوێنە گەشتیارییەکەوە ئامادەکرد.
 
ئەردنچ دوزەن، خاوەنی یەکێک لە کۆمپانیا گەشتیارییەکان بە شەوکەت هەرکی گوت، "ئەمڕۆ تاوەکو 40 گەشتیارمان هێناونەتە ئێرە. لە گەڤەر، شەمزینان، وان و شرنەخەوە خەڵک دێنە ئێرە. ئێرە شوێنی خلیسکێنەیە، خەڵک خلیسکێنە دەکات، شوێنێکی خۆشە."
خلیسکێنەکە بێ بەرامبەرە، بەڵام بە کرێگرتنی کەلوپەلی یارییەکە بە پارەیە، بە نرخێکی کەم.
 
مورات چیفتچی کە وەک گەشتیارێک لەوێیە، دەڵێت، "دوای ماوەیەکی درێژ، شتێکی لەم جۆرە کرایەوە. ئەمە بۆ خەڵکی ئێمە گرنگە. بۆ گەشتوگوزاریش گرنگە."
 
ئەو گەشتیارە هەروەها باس لەوە دەکات کە "هەندێ کەموکورتی هەن. رێگەکەی دوورە؛ خزمەتگوزاری کەمن. هەموو کەسێک ناتوانێت بە ئاسانی بێتە ئێرە و کەلوپەلەکانی خلیسکێنەش کەمن."
 
"هەموو شوێنێک لێرە زۆر خۆشە"
 
گەشتیار مەریەم قەرەداغ باس لەوە دەکات کە لە ئەدەنەوە چووەتەوە ئەوێ و دەڵێت، "ئێمە وەک خێزانێک هاتین، لە رێگەدا شاخێکی زۆر بەرزمان بینی کە بە بەفر داپۆشرابوو. بەڕاستی زۆر نایاب بوو، ئێرە زۆر خۆشە. دوای گەرمای ئەدەنە هاتووینەتە شوێنێکی لەم جۆرە، ئەمەش بۆ ئێمە زۆر سەرنجڕاکێشە".
 
پارێزگەی جۆلەمێرگ دەیەوێت لە گوندی سیناڤای سەر بە ناوچەی گەڤەر شوێنێکی خلیسکێنە بکاتەوە بۆ ئەوەی گەشتیاران سەردانی بکەن.
 
"بەفری ئێرە لە هیچ وڵاتێکی دیکە نییە"
 
 
عەدنان رەوف ئۆغلۆ، ئەندامی کۆمەڵەی وەرزشی جیساد، میوانی بووڵتەنی باکووری کوردستان بوو و باسی لە چالاکییەکانی کۆمەڵەکەی کرد و گوتی، "ئێمە شاخەوانین و جۆڵەمێرگ دەناسێنین. جگە لە شاخەکانی جۆلەمێرگ، سەردانی ئەم شوێنە دەکەین و خلیسکێنەش دەکەین. ئەو بەفرەی لێرە هەیە، لە هیچ وڵاتێکی دیکە نییە. بەفرەکەی ئێرە زۆر باشە بۆ خلیسکێنە. بەفری ئێرە ئەستوورە و زوو ناتوێتەوە. لە کۆتایی هەفتەدا گەشتیاران لە هەموو شوێنێکەوە دێنە ئێرە و ئەم شوێنە زۆر قەرەباڵخ دەبێت. ئەو کەسانەی کە خلیسکێنە نازانن دەتوانن بێنە ئێرە و بۆ ئەوان دەرفەت و رێگە هەیە کە خلیسکێنە بکەن. هەموو شتێک لێرە بەردەستە."
 
خێزانەکان دەتوانن لەگەڵ منداڵەکانیان بمێننەوە
 
 
بەهۆی بەرزییەکەیەوە، مێرگەکانی بووتان بۆ ماوەیەکی زۆر بە سپیپۆشی دەمێننەوە و تەنانەت لە وەرزی هاوینیشدا بەفرەکەی دەمێنێت، بەڵام بۆ گەشتوگوزاری هاوینەش گونجاوە. بەتایبەت گەشتیارانی هەرێمی کوردستانیش دەچنە ئەوێ. کۆمپانیاکانی گەشتیاری دەیانەوێت ئاسانکاری بۆ گەشتکردنەکە بکەن.
 
نازلی تەمەل، ئەندامی کۆمەڵەی وەرزشی جیساد باسی لەوە کرد کە نزیکەی 100 ژن لە کۆمەڵەکەیاندا هەن و گوتی، "جۆلەمێرگ  و بەفرەکەی زۆر خۆشن. خێزانەکان دەتوانن لەگەڵ منداڵەکانیان بێنە ئێرە و کاتێکی خۆش بەسەرببەن. هۆتێل و چێشتخانە بۆ خێزانەکان هەیە و هەموو دەرفەتەکان بە هەرزانی هەن." 
 
تاوەکو مانگی حوزەیران بەفرەکەی دەمێنێت
 
ئیسات کلیچ، ئەندامی کۆمەڵەی وەرزشی جیساد رایگەیاند کە جۆلەمێرگ بە شاخەکانی بەناوبانگە، خۆیشی بەسەر زۆربەی شاخەکانی ناوچەکە کەوتووە.
ئەو دەڵێت، "سێ جار سەرکەوتوومەتە سەر لوتکەی چیای سمبل و دووجاریش سەرکەوتوومەتە سەر لوتکەی چیای رەشکۆ کە دووەم بەرزترین چیای تورکیایە. لە شاخەکانی جۆلەمێرگ چەندین جۆری باڵندە هەیە. من تەنیا لە چیای سمبل کەوی سپیم بینیوە. ئەو کۆترەم لە لوتکەی سمبل بینی کە بەرزییەکەی 3 هەزار مەترە."
 
لە هەندێک شاخی جۆلەمێرگ تاوەکو مانگی حوزەیران بەفر هەیە و خەڵک دەتوانن بۆ خلیسکێنە بچنە ئەو شوێنانە. پارێزگای جۆلەمێرگ بە جوانیی دەریاچە سەهۆڵییەکانی ساتێ و چیای رەشکۆ پێشوازی لە گەشتیاران دەکات. 
 
"هەموو وەرزێک گەشتیار دێن"
 
 
هەروەها یاڤوز تۆسون، بەرپرسی کۆمپانیای گەشتیاری، میوانی رووداو بوو و باسی لە کەرتی گەشتیاریی شاری جۆلەمێرگ کرد.
یاڤوز تۆسون ئاماژەی بەوە کرد کە جۆلەمێرگ یەکێکە لە ناوەندە گەشتیارییە گرنگەکان و بە سروشتی سەرنجڕاکێشی گەشتیارانی ناوخۆیی و بیانی بۆ خۆی رادەکێشێت.
 
تۆسون هەروەها باسی لەوە کرد کە لە وەرزی هاویندا گەشتیاری زیاتر دەچنە ئەو شارەی باکووری کوردستان.
 
دەشڵێت، "ئەو شوێنانەی زۆرترین گەشتیار سەردانیان دەکەن بریتین لە بەرچەلان، چیای جیلۆ، دەریاچەی ساتێ، شوێنی خلیسکێنە و تاڤگە. گەشتیاران لە شارە گەورەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان و ئێرانیشەوە دێن. زۆربەی گەشتیارەکان لە نێوان مانگی ئایار و تشرینی دووەمدا دێن و ئێمەش چاودێرییان دەکەین. بەشێک لە رێگەکانی شوێنە گەشتیارییەکان خراپن، بەڵام هیوادارین بەم زووانە چاکبکرێن."
 
"گلەییمان لە دەروازەی سنووری هەیە"
 
تۆسون هەروەها رایگەیاند کە گەشتی گەشتیاری لە نێوان هەرێمی کوردستان و جۆلەمێرگدا هەیە و گوتیشی، "ئەو لایە گەشتیارمان بۆ دەنێرێت و ئێمەش گەشتیاریان بۆ دەنێرین. بەڵام ئێمە گلەییمان لە دەروازەی سنوور هەیە. ئێمە دەمانەوێت پارێزگارەکانی جۆلەمێرگ و دهۆک بێن و کۆببنەوە. با کێشەی ڤیزە چارەسەر بکەین. لەلای ئێوە ڤیزاکە دەرناچێت تەنانەت دوای سێ مانگ لە پێشکەشکردنی داواکاری. هەروەها ژمارەیەکی زۆری ئۆتۆمبێل لە دەروازەی سنووریی سێڕێز هەیە. دەمانەوێت گەشتیاران لە دەروازەی سنووری، زۆر رانەگیرێن. لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل ئەم پرسە چارەسەرکراوە رێگەی گەشتیاری جیاکراوەتەوە. ئێمە دەمانەوێت ئەم کێشەیەی گەشتیاران لە دەروازەی سێڕێزیش چارەسەر بکرێت."
 
"لە ئولوداگ و پالاندۆکەن چی هەبێت، لێرەش هەیە"
 
هەروەها زەکی گوردال، ئەندامی ئەنجوومەنی ژووری بازرگانی گەڤەڕ سەرنجی بۆ کوالیتیی شوێنی خلیسکێنەی مێرگی بووتانی راکێشا و گوتی، "هەر شتێک لە شوێنەکانی خلیسکێنەی بورسا و ئەرزەڕووم هەبێت لێرەش بەردەستە. ئێمە رێڕەوی خلیسکێنەمان هەیە، رێگەکان کە دەچنە سەرەوە و خوارەوە، هۆتێل و کافێمان هەیە کە هەموویان پێنج ئەستێرەن. هەروەها هەرزانترن."
 
زەکی گوردال ئاماژەی بەوەشکرد، "لە دەروازەی سەرزێڕ و زێت هەندێک کێشە لە چوون و هاتندا هەیە. ئێمە وەک ژووری بازرگانیی گەڤەڕ زۆر سەرنجمان لەسەر ئەمەیە. کێشە لە هەردوولادا هەیە، بەڵام بەڵێنمان پێدراوە کە ئەو کێشانە چارەسەر دەبن. ئێمە دەمانەوێت ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. ئێستا هاتووچۆی ئۆتۆمبێل لە دەروازەی زێت نییە، دەمانەوێت هاتووچۆ زیاد بکەین. لەلای ئێمە هیچ کێشەیەک نییە بۆ ئۆتۆمبێلەکان کە لە باشوورەوە بەم ئاراستەیە بێن. بەڵام لەو لایە هەن و ئێمە دەمانەوێت ئومێد خۆشناو ئەمە چارەسەر بکات".

خواردنەکانی جۆلەمێرگ

 

جۆلەمێرگ بە خواردنە بەتامەکانی دەوڵەمەندە.  
ژمارەیەکی زۆر خواردنی کوردەواری و خۆجێیی لە جۆلەمێرگ هەن کە لە زستاندا زیاتر گرنگییان پێ دەدرێت. 
کەلەدۆش، قرس، دۆخەبا، سەنگەسەر، چۆرتی، تڕشک و گولول بەشێکن لە خواردنە چێژدارەکانی..