سێ زیندانییە هەڵاتووەکەی کۆیە دەستگیرکرانەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
دوای هەڵاتنی سێ زیندانی لە زیندانێکی کۆیە، بەرپرسێکی شارەکە رایگەیاند، "هەر سێ کەسەکە دەستگیرکراونەتەوە".
 
ئەمڕۆ چوارشەممە ئەفسەرێکی باڵای ئەمنی لە کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، زیندانییەکان نەبرابوونە گرتن و گواستنەوە کە سەر بە پۆلیسە و لە ئاسایشی کۆیە بوون و لەوێ هەڵاتوون.
 
ئاماژەی بەوە کرد، رووداوەکە چەند رۆژێک لەمەوبەر روویداوە و "دوای ماوەیەکی کەم دەستگیرکراونەتەوە". 
 
لە هەرێمی کوردستان زیندانییەکان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە رادەگیرێن؛ ئەوانەی بە تۆمەتی تیرۆر، مادەی هۆشبەر و هاوشێوەکانیان بەند دەکرێن لە گرتووخانەکانی ئاسایش دەهێڵدرێنەوە تاوەکو سزادان یان ئازادکردنیان.
 
هەروەها ئەو کەسانەی بە تۆمەتی جیاجیا دەستگیر دەکرێن لە زیندانەکانی گرتن و گواستنەوەی پۆلیسدا بەند دەکرێن تاوەکو کاتی بڕیاری کۆتایی دادوەر لە دۆسیەکانیان. هەر کەسێکیش حوکم بدرێت دەبرێتە گرتووخانەی چاکسازییەکان کە سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستانن.