وەزیرى ناوخۆى عێراق: دۆسیەى ئەمنیى کەرکووک رادەست بە پۆلیسی شارەکە دەکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیرى ناوخۆى عێراق رایگەیاند، لە قۆناخى داهاتوودا فەرماندەیی پۆلیسى کەرکووک دۆسیەى ئەمنى شارەکە وەردەگرێت و ئۆتۆمبێلى پشکنینى سۆنار و کامێراى زیرەک لە بازگە سەرەکییەکانى شارەکە دادەنرێن.
 
رۆژی 25ى کانوونى دووەمى 2024، عەبدولئەمیر شمەرى، وەزیرى ناوخۆى عێراق سەدرانى کەرکووکى کرد و لەگەڵ بەرپرسانى ئەمنى و ئیدارى شارەکە کۆبووەوە.
 
 لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەڤانیدا وەزیرى ناوخۆى عێراق رایگەیاند، لە قۆناخى داهاتوودا فەرماندەیی پۆلیسى کەرکووک دۆسیەى ئەمنیى شارەکە لە ناوەندى پارێزگاکە و قەزاى حەویجە و ناوەندى شارەکانى دیکە وەردەگرێت، هاوشێوەى پارێزگاکانى دیکە کە دۆسیەى ئەمنیی ناوەندى شارەکانى تێدا رادەست کراوە.
 
بەبڕیارى وەزارەتى ناوخۆى عێراق، چوار فەوجى پۆلیسی ئامادەى کەرکووک دەخرێنە سەر پۆلیسى فیدراڵى، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ رادەستکردنى دۆسیەى ئەمنیى شارەکە لە سوپاوە بۆ پۆلیس.
 
عەبدولئەمیر شمەرى رایگەیاند، رێککەوتین لەسەر ئەوەى کە ئیدارەى پارێزگاکە پڕۆژەى کامێراى چاودێرى ناوەندى شارەکان تەواو بکات لەگەڵ کامێراى زیرەکى بازگەکان و ئۆتۆمبێلى سۆنار لە بازگە سەرەکییەکان دادەنرێت کە بازگەى "گرنگ و کاریگەرن" لەسەر دۆخى ئەمنى کەرکووک و پارێزگاکانى دیکەى دەوروبەرى کەرکووک.
 
پڕۆسەى رادەستکردنى دۆسیەى ئەمنیی کەرکووک لە سوپاوە بۆ پۆلیسى خۆجێیی بەشێک لە کارنامەى حکومەتى ئێستاى عێراقە بە سەرۆکایەتیى محەممەد شیاع سوودانى.