هاوسەرۆکی پەیەدە بۆ رووداو: چاومان لەوەیە هەولێر هانی ئەنەکەسە بدات بۆ دیالۆگ
رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پەیەدە دەڵێت، چاویان لەوەیە باشووری کوردستان ئەنەکەسە بۆ گفتوگۆ هان بدات، چونکە ئەنەکەسە "نایەوێت" لەگەڵیان دەست بە دیالۆگی کوردی -کوردی بکات.
ئەمڕۆ شەممە، 25-01-2025، پەروین یوسف، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) لە پەراوێزی دیداری باشوور بۆ داهاتووی رۆژئاوای کوردستان کە لە سلێمانی بەڕێوەچوو، قسەی بۆ رووداو کرد و رایگەیاند: ''رۆژئاوای کوردستان بە قۆناخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت. ئەمڕۆ ویستمان رۆڵی کورد لە داهاتووی سووریادا و شێوەی دیاریکردنی چارەنووسی گەلەکەمان لەو وڵاتە گەنگەشە بکەین''.
پەروین یوسف باسی لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: ''ئەو دەستکەوتەی لە باشووری کوردستان هەیە، ئێمە دەتوانین وەکو نموونە بۆ رۆژئاوای کوردستان چاوی لێبکەین.''
8ـی کانوونی یەکەمی 2024، دەسەڵاتی ئەسەد لە سووریا کۆتایی پێهات. هاوسەرۆکی پەیەدە داوا لە پارتە سیاسییەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان دەکات ''بۆ دروستکردنی سووریایەکی دیموکرات و ناناوەندی کە تێیدا مافی گەلان پارێزراوبێت، یەکگدەنگ بن و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیان بۆ خزمەتی رۆژئاوای کوردستان بەکاربێنن، بۆ ئەوەی بتوانن گوشار لە دەسەڵاتی ئێستای سووریا بکەن، مافی کورد دەستەبەر بکات.''
دوای کەوتنی بەشار ئەسەد، دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) دەسەڵاتی سووریای گرتە دەست. بەگوتەی پەروین یوسف، دەسەڵاتی ئێستا لە دیمەشق فرەڕەنگی لە وڵات "قبووڵ ناکات" و گوتی: ''تاوەکو ئێستا لەبارەی دەستووری نوێ و چارەنووسی سووریا گفتوگۆ نەکراوە؛ بۆیە بۆ پاڵپشتیی رۆژئاوا پێویستمان بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی کورد لە هەر سێ پارچەکەی دیکەی کوردستان هەیە بۆ ئەوەی بتوانین بە هێزەوە [لە شام] گفتوگۆ بکەین.''
ئێستا نزیکەی 35٪ـی خاکی سووریا لەژێر دەستی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـدایە کە باڵی سەربازیی پەیەدە بەناوی یەپەگە لایەنی سەرەکیی هێزەکەی پێکهێناوە. هاوسەرۆکی پەیەدە جەختی لەوە کردەوە ''ئەو دەستکەوتەی لە رۆژئاوای کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا هەیە، دەستکەوتێکی کوردستانییە و پێویستە خاوەندارێتی لێ بکرێت و پەرەی پێبدرێت.''
''ئەنەکەسە ئامادە نییە لەگەڵمان کۆببێتەوە''
لەدوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد، گرنگیی دیالۆگی کوردی-کوردی لەنێوان ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد (پەیەنەکە) زیاتر بووە.
پەروین یوسف کە پارتەکەی سەرۆکایەتیی پەیەنەکە دەکات گوتی: ''بەگشتی لەگەڵ لایەنەکانی دەرەوەی پەیەنەکە نزیکبوونەوەی باشمان هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا دانیشتنی راستەوخۆی ئێمە لەگەڵ ئەنەکەسە نەکراوە و ئامادە نییە لەگەڵمان کۆببێتەوە.''
16ـی کانوونی دووەم، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە سەردانی هەولێری کرد و لەبارەی پرسی سووریا و رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبووەوە. هاوسەرۆکی پەیەدە گوتی، ''چاوەڕوان دەکەین دوای هاتنی بەڕێز مەزڵووم عەبدی بۆ باشووری کوردستان" دۆخەکە بگۆڕدرێت و ئەنەکەسە لەگەڵیان کۆبێتەوە.
پەروین یوسف ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە لایەنە سیاسییەکانی رۆژئاوای کوردستان لە چوارچێوەی شاندێکی یەکگرتوودا بۆ دانوستاندن بچنە دیمەشق، ''بەڵام هەر کات باس لە یەکێتی و یەکڕیزیی گەلی کورد دەکرێت، ئەنەکەسە پاشەکشە دەکات. حەز دەکەین گوشارێک بخرێتە سەری بۆ ئەوەی لە یەکێتی و یەکگرتوویی کورددا رۆڵی هەبێت و خۆی لە هێڵی کوردی دوورنەخاتەوە.''
جگە لە فەرەنسا و ئەمریکا، دەستپێکردنەوەی دیالۆگی کوردی-کوردی داواکاریی زۆربەی گەلی کوردە لە رۆژئاوای کوردستان. پەروین یوسف دەڵێت: ''ئێمە وەک پەیەدە گەلێک هەنگاومان ناوە و وەڵامی بانگەوازیی گەلی خۆمان داوەتەوە، گوتوومانە بۆ یەکگرتوویی و گفتوگۆ لەسەر کێشە و ناکۆکییەکان ئامادەین بۆ ئەوەی بتوانین چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە و لە سووریای نوێدا رۆڵێکی گرنگمان هەبێت.''
هاوسەرۆکی پەیەدە رایگەیاند: ''ئێمە لەگەڵ ئەوەداین، بە یەک شاندی یەکگرتوو بچینە شام کە پێکهاتبێت لە نوێنەری سەرجەم لایەنەکان، پەیەنەکە و تەنانەت ئەنەکەسە بۆ ئەوەی بتوانێت نوێنەرایەتیی هەموو لایەنە سیاسییەکانی کورد بکات.''