پرۆژەیاسای لێبووردنی گشتیی سوننەکانی دڵخۆش و ئێزییەکانی دڵتەنگ کردووە
رووداو دیجیتاڵ
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکە دەردەکەوێت، چوار کوڕی لە ساڵی 2014ـەوە دەستگیرکراون، هیچ نکۆڵی لەوە ناکات یەکێک لە کوڕەکانی لەگەڵ داعش بووە و دەڵێت، کوڕەکانی دیکەی بەئاگری ئەو برایەیان سووتاون و ئەوان بە لێدان و ئەشکەنجە دانیپێدانیان کردووە.
تاڵب ناسر، باوکی چوار بەندکراوەکە دەڵێت، "چوار کوڕم حوکمدراون، لە 2014ـەوە دەستگیرکراون تاوەکو ئێستا، بەهۆی براکەیان حوکمی زیندانی هەتاهەتایی دراون. خۆیان هیچ کێشەیان نییە و بێتاوانن. لەسەر قەرەوێڵە بەستبوونیانەوە و ئەشکەنجەیان دابوون، شەش حەوت مانگ ئازاریان دان و خەساندبوونیان، خستبوویانە ناو ئاو، کارەبایان لە ئەندامی نێرینەیان دابوو، دیسان گرتیانەوە و خەساندبوویان."
سوننە بە مەرجی یاسای لێبووردنی گشتی، بەشداریی لەم کابینەیە کرد، دەیان کەسوکاری گیراوان پەنایان بردە بەر نووسینگەی پەرلەمانتارێکی سوننە و داوا دەکەن پەلە لە ئازادکردنی گیراوان بکرێت.
تەلال زەوبەعی، پەرلەمانتاری سوننە و ئەندامی لیژنەی یاسایی دەڵێت، "ئێمە دەڵێین دەبێت لێبوردەیی هەبێت و دروشمی (خودا لەو کەسانە خۆش دەبێت کە رابردوویان هەیە) بەرز بکرێتەوە و رێگە نادەین ئەوانەی دەستیان بە خوێنی عێراقییەکان سووربووە جارێکی تر بێنە دەرەوە، بەڵام بێتاوان هەیە و هەمووان لەسەر ئەوە کۆکن بێتاوان هەیە و کەسانی ستەملێکراو هەن و بارودۆخی سیاسی ناڕوون هەبووە لە دەستگیرکردنیان."
لێبووردنی گشتی چەندە بۆ سوننەکان جێی دڵخۆشی بێت، بۆ ئێزدییەکان دوو هێندە پێچەوانەیە، ترسی ئێزدییەکان لەوەیە لێبووردنەکە ئەو چەکدارانە بگرێتەوە کە دەستیان لە کوشتن و رفاندی هەزاران کوردانی ئێزدی هەیە و تاوانبارانیش نەگەن بەسزای خۆیان.
ناجی حاجی، چالاکوانێکی ئێزدییە و باس لەوە دەکات، "ئێمە 10 ساڵە کۆمەڵکوژیمان بەسەر هاتووە، هیوامان وابوو حکومەتی عێراق وەکو وڵاتانی دیکە رەزامەندی لەسەر بەجینۆساید ناساندنی ئێزدییەکان دابووایە، بەداخەوە دەبینین دەنگ لەسەر یاسای لێبووردنی گشتی دەدەن. زۆر تیرۆریست و کەسانی دیکە کە بوونەتە هۆی کوشتنی ئێزدیەکان ئازاد دەکرێن و بە سزای خۆیان ناگەن."
33 هەزار سوننە بە مادەی 4ـی تیرۆر گیراون، بەپێی یاسای لێبووردنی گشتی بێت، چاوەڕێدەکرێت زیاتر لە 26 هەزاریان ئازاد بکرێن.
هەزاران لە کەسوکاری گیراوان چاویان لەو 15 رۆژەیە کە لەبەردەم سەرۆککۆماری عێراق داندراوە، بۆ ئەوەی واژۆ لەسەر ئەو پرۆژەیاسایە بکات کە لەپەرلەمانی عێراقەوە دەنگی لەسەر دراوە و لە رۆژنامەی وەقائعی عێراقی بڵاو بکرێتەوە و رێکارەکانی ئازادکردنی گیراوان دەستپێبکات.