هۆکاری دەستگیرکردنی مەلا هەڵۆ و مەلا کامەران چییە؟

 
رووداو دیجیتاڵ

لە سلێمانی دوو مامۆستای ئایینی بە ناوەکانی مەلا هەڵۆ و مەلا کامەران دەستگیر کران. بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی رایگەیاند، دەستگیرکردنەکە لەسەر سکاڵای خەڵک بووە و پەیوەستە بە "خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی" و "سووکایەتیکردن." بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداویش، دۆسیەکەیان پەیوەندیی بە رووداوەکانی رۆژئاوای کوردستانەوە هەیە.
 
کامەران عەلی، ناسراو بە (مەلا کامەران) رۆژی پێنجشەممە 22ی ئەم مانگە و (مەلا هەڵۆ) رۆژی شەممە 24ی مانگ دەستبەسەرکراون و تاوەکو ئەمڕۆ لە زیندانن.
 
مامۆستا عەباس خدر، بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو دوو مامۆستایەی دەستگیرکراون، هەردووکیان دامەزراون و میلاکن لەسەر حکومەت؛ بە فەرمی وەکو مامۆستای ئاینی کاریان کردووە."
 
مەلا کامەران، کە پێشتر بەڕێوەبەری حەج و عومرەی سلێمانی بووە، رۆژی پێنجشەممە پێش گوتاری هەینی دەستگیر کراوە.
 
بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی لەبارەی هۆکارەکەوە گوتی، "مەلا کامەران بە مادەی 2ی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن دەستگیرکراوە، چونکە کۆمێنتی زۆر زبری بۆ خەڵک نووسیوە و دیارە کەسانێکیش سکاڵایان لە دژی تۆمار کردووە."
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، پێش دەستگیرکردنی، چەند جارێک هۆشداری بە مەلا کامەران دراوە لەبارەی نووسینی کۆمێنت و سەرنجەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
 
لەبارەی دەستگیرکردنی مەلا هەڵۆ-شەوە، کە رۆژی شەممە دەستبەسەر کراوە، مامۆستا عەباس خدر بە رووداوی گوت، "مەلا هەڵۆ لە گوتاری هەینیدا باسی ئافرەتی کردووە، دیارە ناڕەزایی زۆری لێکەوتووەتەوە؛ ژنان، نووسەران و رۆشنبیران سکاڵایان لە دژی تۆمار کردووە و ئاسایش دەستگیری کردووە."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە دەوامی فەرمی دەستیپێکردووەتەوە و بڕیارە هەردوو مامۆستا ئایینییەکە ببرێنە بەردەم دادوەر و بڕیار لە کەیسەکەیان بدرێت.
 
سەرەڕای روونکردنەوەکانی ئەوقاف، بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هۆکاری سەرەکیی دەستگیرکردنی هەردوو مامۆستا ئایینییەکە پەیوەندیی بە دۆخی رۆژئاوای کوردستانەوە هەیە و، بە تۆمەتی "سووکایەتی بە شەڕڤانان و ئەو چالاکییانەی بۆ پشتگیریکردنیان دەکرێت"، هەروەها "پەسندانی ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری راگوزەری سووریا" دەستگیر کراون.
 
پێشتریش لە رۆژی هەینی 16ی ئەم مانگە، لە دوو مزگەوت لە سلێمانی و کەلار دوو مامۆستای ئاینی بە هەمان تۆمەت (سووکایەتی بە شەڕڤانان و رۆژئاوای کوردستان) دەستگیرکران و دوای چەند رۆژێک ئازاد کران.
 
دەستگیرکردنی ئەو مامۆستا ئاینییانە لەکاتێکدایە، لە تەواوی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دەرەوە، کورد بەردەوامە لە سازدانی چالاکی بۆ پشتگیریکردنی شەڕڤانانی رۆژئاوای کوردستان، کە لە 06ـی ئەم مانگەوە رووبەڕووی هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا بوونەتەوە.