مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە نووری مالیکی دەکات بەبۆنەی بەربژێربوونی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە نووری مالیکی دەکات بەبۆنەی بەربژێربوونی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، پیرۆزباییمان لە بەڕێز نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کرد بەبۆنەی بەربژێربوونی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ."
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، "وێڕای پیرۆزبایی، هیوای سەرکەوتنمان بۆ خواست لەپێناو دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێ بۆ خزمەتکردنی گشت هاووڵاتییانی عێراق و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و رێزگرتن لە قەوارەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان."
ئێوارەی رۆژی شەممە، سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە نووسینگەی هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر کۆبوونەوە و تێیدا نووری مالیکی وەک بەربژێری "زۆرینە" دیاریکرا. سەرچاوەیەکی ئاگادار لەنێو کۆبوونەوەکە بە رووداوی راگەیاند، کۆدەنگی لەسەر مالیکی نەبووە و چوار سەرکردەی دیار دەنگیان پێنەداوە، ئەوانیش، عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە، حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر، شبل زەیدی، ئەمینداری کەتیبەکانی ئیمام عەلی و قەیس خەزعەلی، ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی حەق.
نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و ئەمینداری گشتیی حیزبی دەعوەیە، پێشتر بۆ ماوەی هەشت ساڵ (2006-2014) سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە.