لە کەرکووک بۆڕییەکی دزینی نەوت ئاشکرا کرا

 
رووداو دیجیتاڵ

هەواڵگریی سەربازیی عێراق دەڵێت، لە رێگەی بۆڕییەکی نایاساییەوە نەوتی کەرکووک براوە و هەوڵەکەیان پووچەڵ کردووەتەوە. سەرچاوەیەکیش لە کۆمپانیای نەوتی باکوور دەڵێت، چەند ساڵ بوو کاری لەم شێوەیە نەمابوو.
 
بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازیی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 25-01-2026 لە راگەیێندراوێکدا وردەکاریی ئۆپەراسیۆنێکی لە کەرکووک ئاشکرا کرد.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هێزەکانیان لە فیرقەی 8ی پیادە (سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک) لەسەر بنەمای زانیاریی وردی هەواڵگری، دەستیان بەسەر بۆڕییەکی نایاساییدا گرتووە، کە بۆ دزینی نەوتی خاو بەکارهاتووە.
 
هەواڵگریی سەربازی دەڵێت، "لە ئۆپەراسیۆنەکەدا رێڕەوی بۆڕییەکە دۆزراوەتەوە و بەتەواوی داخراوە؛ بەوەش رێگری لە بەهەدەردان و دزینی بڕێکی زۆری سامانی نیشتمانی کراوە و رێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر تێوەگلاوان گیراوەتەبەر."
 
سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای نەوتی باکوور ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێشتر دزین و کونکردنی بۆڕیی نەوتی کەرکووک زۆر بوو، بەڵام بەم دواییانە بەهۆی رێکارە ئەمنییەکانی سوپا و دەزگا ئەمنییەکان نەماوە و بنبڕ کرابوو."
 
بەگوتەی سەرچاوەکە، ئەوەی ئەمجارە کراوە رووداوێکی نوێیە، "چەند ساڵێکە کاری لەم شێوەیە رووینەداوە و پێدەچێت تازە سەری هەڵدابێتەوە."
 
بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازی جەختی کردەوە، پاراستنی سامانی گشتی "هێڵی سوورە" و رێگە بە هیچ پێشێلکارییەک نادرێت.