کارەبای چەمچەماڵ: مانگی ئادار پڕۆژەی رووناکی دەستپێدەکات
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای چەمچەماڵ رایدەگەیێنێت، لە 10 رۆژی رابردوودا بە تێکڕا رۆژانە 10 بۆ 12 کاژێر کارەبای نیشتمانی دراوەتە هاونیشتمانییان. هۆکاری کەمبوونەوەکە بۆ بەرزبوونەوەی خواست و گرفتی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر دەگەڕێنێتەوە.
ئەندازیار ئەردەڵان محەممەد، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای چەمچەماڵ لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (مژار)ی رادیۆی رووداو رایگەیاند، خواست لەسەر کارەبا لە چەمچەماڵ گەیشتووەتە سەرووی 150 مێگاوات و ئەمەش وایکردووە کاتەکانی پێدان کەم بکات.
ئەردەڵان محەممەد گوتی: "بەهۆی بەرزبوونەوەی خواست و هەبوونی گرفت لە بەرهەمهێنانی گازی کۆرمۆر، کاتەکانی پێدانی کارەبا کەمیکردووە. هەروەها ئەو 50 مێگاواتە زیادەیەی پێشتر وەک تایبەتمەندی بۆ چەمچەماڵ دانرابوو، ئێستا بەهۆی جێبەجێکردنی پڕۆژەی رووناکی لە ناوچەکانی دیکە، نەماوە."
سەبارەت بە پڕۆژەی "رووناکی" و دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای چەمچەماڵ ئاشکرای کرد: "تاوەکو ئێستا پڕۆژەکە نەگەیشتووەتە چەمچەماڵ، بەڵام بڕیارە لە سەرەتای مانگی سێی ئەمساڵ (ئادار) دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت."
بەگوێرەی ئامارەکان، ژمارەی هاوبەشانی کارەبا لە چەمچەماڵ گەیشتووەتە زیاتر لە 56 هەزار هاوبەش؛ لەو ژمارەیە نزیکەی 42 هەزاریان پێوەری زیرەکیان بۆ بەستراوە، بەڵام هێشتا 14 هەزار هاوبەش پێوەری زیرەکیان نییە و زیاتر لە شەش هەزاریان دەکەونە نێو سەنتەری شارەکەوە.
لە سنووری چەمچەماڵ 427 گوندی ئاوەدان هەن، لەو ژمارەیەش 35 گوند هێشتا کارەبایان پێنەگەیشتووە.
ئەندازیار ئەردەڵان محەممەد دەڵێت: "دۆخی کارەبای گوندەکان خراپتر بووە و هەندێک کات دابەزیوە بۆ کەمتر لە 8 کاژێر، چونکە مۆلیدەی ئەهلییان نییە، بەڵام هەوڵمانداوە خشتەکە بەجۆرێک بێت کە لە کاتی پێویستدا (لە ئێوارەوە تاوەکو درەنگی شەو) کارەبایان هەبێت."
لەبارەی داهات و پڕۆژەکانەوە، بەڕێوەبەری کارەبای چەمچەماڵ گوتی: "لە ساڵی 2025ـدا 16 پڕۆژە بە گوژمەی نزیکەی دوو ملیار دینار جێبەجێ کراون و تەنیا لەم ساڵەدا سێ هەزار و 10 هاوبەشی نوێ بۆ تۆڕی نیشتمانی زیادبوون."
سەبارەت بە بەکارهێنانی وزەی خۆر، ئەردەڵان محەممەد گوتی، بەهۆی ئەوەی هێشتا پڕۆژەی رووناکی نەگەیشتووەتە ناوچەکە، رووکردنە سیستمی سۆلار زۆر کەمە و تەنیا 11 هاوبەش تۆمار کراون.
لەبارەی زیانەکانی لافاوەکەی دواییش، ئەردەڵان محەممەد رایگەیاند، زیان بە 24 ستوون و گۆڕەرێک (محاویلە) گەیشتبوو، بەڵام تیمەکانیان توانیویانە لە ماوەی دوو رۆژدا سەرجەمیان چاکبکەنەوە.