پزیشکێک لە کۆبانی: لە دۆخێکی کارەساتبارداین

رووداو دیجیتاڵ

دەستەی کارگێڕی و پزیشکانی نەخۆشخانەیەکی کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان، داوای گەیاندنی بەپەلەی هاوکاری پزیشکیی بۆ نەخۆشخانەکان دەکەن. دەڵێن، لە دۆخێکی کارەساتبارداین. 
 
لۆرین عەبۆ، پزیشک و کارمەندی کارگێڕی نەخۆشخانەی مشتەنوور لە کۆبانێ، پەیامێکی ڤیدیۆیی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ناردووە و داوای گەیاندنی هاوکاری بەپەلە بۆ نەخۆشخانەکان دەکات. 
 
لۆرین عەبۆ دەڵێت: "دۆخەکە لای ئێمە بەڕاستی کارەساتبارە." ئاماژە بەوەش دەکات، نەخۆشخانەکەیان سەرباری هەموو گوشارەکانی سەری، نەخۆش لە ناوچەی تل سەمەن و گوندەکانی دەوروبەریشیان روو لە نەخۆشخانەکەیان دەکەن. هۆکارەکەشی بەهۆی لەکارکەوتن و نەمانی دەرمان و پێداویستیی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانی دیکەی کۆبانێ دەگەڕێنێتەوە. 
 
لە بەشێکی پەیامە ڤیدیۆییەکەی لۆرین عەبۆ داوا دەکات و دەڵێت: "دەمانەوێت لەم دۆخەی ئێستادا هەموو گەل لەگەڵمان بوەستێت. ئەو دۆخەی ئێستا تێیداین، تەنیا خودا دەزانێت چەندە کارەساتبارە؛ کارەبا نییە، ئاو نییە، ئینتەرنێت نییە و لە هەموو جیهان دابڕاوین."  
 
 
لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەشڵێت: "سەرباری ئەوەی دەرمانمان خەریکە نامێنێت، بەڵام وەک نەخۆشخانەیەکی ناوەندی لێرە لە کۆبانی بەردەوامین لەسەر کارەکانمان و پزیشکەکانیشمان لێرەن."
 
دکتۆر ئەڤین خەلیل، یەکێکە لە پزیشکەکانی نەخۆشخانەی مشتەنوور لە کۆبانێ، ئەویش لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا باسی دۆخی نەخۆشخانەکە و کۆبانێ دەکات. 
 
ئەڤین خەلیل دەڵێت: "وەک دەزانن، لە سەرەتادا ئەوانەی لە حەلەبەوە هاتبوون، خەڵکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بوون. پاشان خەڵکی رەققە و تەبقە دەستیان پێکرد و ئەوانیش هاتنە ئێرە."
 
لە پەیامەکەیدا دەشڵێت: "دوای ئەوانیش خەڵکی گوندەکانی خۆمان، ئەوانەی نزیک هێڵی بەرەی جەنگ بوون، کۆچبەر بوون و هاتنە ناو جەرگەی شار. ئێستا شارەکەمان لە هەموو لایەکەوە گەمارۆ دراوە و زۆر بە تەنیا ماوینەتەوە. پێویستمان بە هەموو جۆرە هاوکارییەک هەیە بۆ ئەوەی گیانی نەخۆشەکان رزگار بکەین."