دەزگای خێرخوازیی بارزانی: چاوەڕوان دەکرێ ئەمڕۆ یەکەم کاروانی هاوکارییەکان بگاتە کۆبانێ
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 114 بارهەڵگر هاوکارییان گەیاندووەتە خەڵکی رۆژئاوای کوردستان. دەشڵێت، زانیارییان هەیە، ئەمڕۆ یەکەم کاروانی هاوکارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەگاتە کۆبانێ.
رۆژی یەکشەممە، 25-01-2026، موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە قامشلۆ، هەندێک ئاماری تایبەت بەو هاوکارییانە خستەڕوو، کە تاوەکو ئێستا گەیێندراونەتە رۆژئاوای کوردستان.
موسا ئەحمەد رایگەیاند، تاوەکو ئەمڕۆ 114 بارهەڵگر هاوکارییان گەیێندراوەتە رۆژئاوای کوردستان، کە هەر یەکەیان 12 تۆن کەلوپەلی هەڵگرتووە.
بەگوتەی سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، زیاتر لە 5827 خێزان یان 34 هەزار و 227 کەس لە هاوکارییەکان سوودمەند بوون.
بەهۆی هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییان لە گوندەکانەوە بەرەو ناوچە ئارامەکانی رۆژئاوای کوردستان ئاوارە بوون، کە زۆربەیان لە قوتابخانە و مزگەوتەکاندا دەمێننەوە.
موسا ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، پاکێجی خۆراک، کە 22 مادە لەخۆدەگرێت، هەروەها دۆشەک و بەتانی بۆ ئاوارەکانی نێو 30 قوتابخانە دابینکراون.
هاوکات ئەوەشی خستەڕوو، گازوایل گەیێندراوەتە 81 قوتابخانەی دیکە و خواردنی گەرم بەسەر چوار هەزار کەسدا دابەشکراوە کە پڕۆسەکە بەردەوامیش دەبێ.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی باسی لەوە کرد، 150 کارمەندی دەزگاکە لە رۆژئاوای کوردستان سەرقاڵی دابەشکردنی هاوکارییەکان و گەیاندنی خزمەتگوزارین بە ئاوارەکان و ''تیمە تەندروستییەکانیشمان چارەسەریان بۆ هەزار و 367 نەخۆش کردووە.''
هەر لەکاتی دابەشکردنی هاوکارییەکاندا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی 200 دەرفەتی کاری بۆ خەڵکی ناوچەکە رەخساندووە.
لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، تاوەکو کۆتاییهاتنی وەرزی سەرما، سووتەمەنی بۆ رۆژئاوای کوردستان دابین دەکرێ. مووسا ئەحمەد دەڵێت: ''پلان هەیە تاوەکو سبەی 536 هەزار لیتر نەوت بگاتە دەستمان و دەستبەجێ بەسەر خەڵکدا دابەش بکرێت.''
سەرەڕای گەمارۆکان، هەرچی خزمەتگوزارییە وەک کارەبا، ئاو و ئینتەرنێت، لەسەر کۆبانێ بڕاوە و تاوەکو ئێستا بەگوێرەی ئاماری مانگی سووری کوردی، پێنج منداڵ لە برسان و لە سەرمان گیانیان لەدەستداوە.
وەک سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گوتی، ''بەپێی زانیارییەکانی ئێمە ئەگەر هیچ کێشەیەک روونەدات، کاروانی یەکەمی هاوکارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یوئێن) ئەمڕۆ دەگاتە کۆبانێ.''
بەگوتەی مووسا ئەحمەد بڕی هاوکارییەکان 6 بارهەڵگر دەبن و ''بەڵێنیان پێداوین دوای کرانەوەی دەرگاکان، پشت بە هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانیش ببەستن.''
هەر ئەمڕۆ گاندی داود، رۆژنامەڤان لە کۆبانییەوە بە رووداوی راگەیاند، دۆخی شارەکە زۆر خراپە. ئاو، کارەبا، ئینتەرنێت نییە و پێویستە بە زووترین کات رێڕۆی مرۆیی بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بکرێتەوە.
نزیکەی 11 رۆژە شاری کۆبانێ سێ لای لەلایەن سوپای عەرەبیی سووریاوە گەمارۆ دراوە، لایەکی دیکەی شارەکەش هاوسنوورە لەگەڵ باکووری کوردستان و تورکیا و ئەو وڵاتە رێگە بە هاتووچۆ بۆ شارەکە نادات.