مستەفا حەنیفی: هاوکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆبانی تەنیا بۆ نەخۆشخانە و فڕنەکانن
رووداو دیجیتاڵ
سەبارەت بە دۆخی کۆبانی، مستەفا حەنیفی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی پێشڤەڕۆ کورد لە سووریا رایگەیاند، هاوکارییە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە رێگەی رێڕۆیێکی مرۆییەوە، ئێوارەی یەکشەممە 25-01-2026 گەیشتنە کۆبانی.
حەنیفی جەختی لەوە کردەوە کە بەهۆی گەمارۆدانی ناوچەکە لەلایەن سوپای سووریاوە "هیچ نەماوە" و بەهۆی بەفربارینێکی زۆرەوە، دۆخی شاری کۆبانی بەراورد بە چەند رۆژی رابردوو "زۆر خراپترە" و لە ئەنجامی ئەو سەرمایەشدا چوار منداڵ گیانیان لەدەستداوە.
مستەفا حەنیفی، رۆژی 25ی کانوونی دووەمی 2026، میوانی بووڵتەنی کاژێر 7:00ی رۆژئاوای کوردستان بوو لە تۆڕی میدیایی رووداو. ئەو سەبارەت بە کۆبانی گوتی: "دۆخی کۆبانی زۆر خراپە".
نزیکەی 30 بۆ 40 سانتیم بەفر باریوە و سەرما و بەستەڵەک دروستبووە. لە ئەنجامی ئەو سەرمایەدا چوار منداڵ گیانیان لەدەستداوە. کەلوپەل و خواردن لە کۆبانی نەماوە و زۆر کەم بووەتەوە. شیری منداڵان بەتەواوی نەماوە، مازۆت و نان نەماون."
"100 هەزار کەس ئاوارەی کۆبانی بوون"
حەنیفی هەروەها مەزندە دەکات زیاتر لە 100 هەزار کەس ئاوارەی کۆبانی بووبن. سەبارەت بە شوێنی حەواندنەوەیان، حەنیفی گوتی، دانیشتووانی کۆبانی زۆربەی ئاوارەکانیان لە ماڵەکانی خۆیاندا حەواندووەتەوە.
مستەفا حەنیفی خۆشی ئاوارەی لە ماڵ و نووسینگەکەیدا حەواندووەتەوە و دەڵێت: "بە گشتی هەموو کەسێک وای کردووە. بۆ نموونە خۆم، ماڵێکم هەبوو دام بە ئاوارەکان و نووسینگەیەکم هەبوو دوو خێزانی ئاوارەم تێدا نیشتەجێ کردوون. ئەو باڵەخانەیەی تێیدام، هەر ماڵێک سێ بۆ چوار خێزانی دیکەی لەگەڵدایە."
ئەو پزیشکەی کە خۆی خەڵکی کۆبانییە، راگەیاند: بەهۆی زۆریی ئاوارەکانەوە، کەلوپەلی خواردن بەشی نەکردوون و ئێستا "هیچ نەماوە"، بەتایبەتی مازۆت، خۆراک و شیری منداڵان.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە بازاڕیشدا هیچ شتێک نییە. "بەداخەوە دۆخی کۆبانی لە هەموو روویەکەوە زۆر خراپە. نان هەیە، بەڵام کەلوپەلی خواردن وەک برنج و شەکر نەماوە، بەراستی نەماوە."
دەشڵێت: "سەوزەواتی وەک تەماتە و باینجانیش نەماون، میوەش هەر نییە. من دوێنێ چوومە بازاڕ، بە دەستی بەتاڵ گەڕامەوە. تەنانەت تووریش نەماوە. ئەوەشی کە هەیە زۆر کەمە."
بە گوتەی حەنیفی، نەتەوە یەکگرتووەکان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ شارەوانیی حەلەب، هاوکارییە مرۆییەکان کە "زیاتر لە مازۆت پێکهاتووە" گەیاندووەتە شاری کۆبانی.
ئەو مازۆتە بۆ نەخۆشخانەکان و فڕنەکان دەبێت، هەرچەندە ئاماژەی بەوەش کرد ئەو 300 لیترە مازۆتەی کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە بەسەر ماڵاندا دابەشکرابوو، تەواو بووە.
"خۆمان بە بەتانی و لێفە گەرم دەکەینەوە"
ئاڵۆزبوونی دۆخی سیاسی و سەربازیی لە رۆژئاوای کوردستان کەوتووەتە وەرزی زستانەوە. سەبارەت بە کۆبانی، ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی پێشڤەڕۆ رایگەیاند، دۆخەکە ژیانی ئاوارە و خەڵکی کۆبانی "خراپتر کردووە" و ئاماژەی بەوە کرد "بەهۆی سەرما و نەبوونی مازۆتەوە، ئاوارە و دانیشتووانی ئەو شارە خۆمان بە بەتانی و لێفە گەرم دەکەینەوە".
کۆبانی بەرەو چ قەیرانێکی مرۆیی دەچێت؟
دوای هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر گەڕەکەکانی حەلەب لە 06-01-2026، کە بووە هۆی ئاوارەبوونی کوردانی ئەو گەڕەکانە بەرەو رۆژئاوای کوردستان، پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و سوپای سووریا فراوانتر بوون.
شاری کۆبانیش بۆ ماوەی چەندین رۆژە لەلایەن هێزەکانی سوپای سووریاوە گەمارۆ دراوە و ئاو، کارەبا و ئینتەرنێت لەسەر ئەو شارە بڕدراوە. لە ئەنجامی ئەم پێکدادانانەدا رێکخراوە مرۆییەکان هۆشدارییان داوە لەوەی قەیرانێکی مرۆیی لە رۆژئاوای کوردستان و بەتایبەتی لە کۆبانی رووبدات.