لە سەردەشت سەربازێک کەوتە ژێر رنووی بەفر و گیانی لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی پاسەوانی سنووری پارێزگای ورمێ دەڵێت، لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا، رنووی بەفر لە سنووری سەردەشت لێی داون و بەهۆیەوە سەربازێک گیانی لەدەستداوە و یەکێکی دیکەش بریندارە.

رۆژی یەکشەممە، 25-01-2026، محەممەد ئەحمەدی، فەرماندەی پاسەوانی سنووری پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند: "لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکەیدا، سەربازێکی پاسەوانی سنوور کەوتە ژێر رنووی بەفر و گیانی لە دەستدا."
 
بە گوتەی فەرماندەی پاسەوانی سنووری ورمێ، ئەو سەربازەی گیانی لەدەستداوە ناوی (مەهدی مستەفایی)ـە و سەرباز بووە لە هێزەکانی پاسەوانی سنووری سەردەشت.
 
محەممەد ئەحمەدی ئاماژەی بەوەش کرد، لە هەمان رووداو سەربازێکی دیکە بریندار بووە و "لەلایەن تیمەکانی فریاگوزارییەوە بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە."
 
چەند رۆژێکە شەپۆلێکی بەهێزی بەفر و باران ناوچە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە و لە هەندێک ناوچە ئاستی بەفر زیاتر لە یەک مەترە.
 
بەپێی پێشبینییەکانی دەزگای کەشناسیی ئێران، کاریگەریی ئەم شەپۆلە تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە بەردەوام دەبێت.