تورکمان و عەرەب پێشنیازێک بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک دەدەنە لایەنەکان

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی پارتێکی عەرەبی دەڵێت، رێککەوتن لەبارەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک نەکراوە، هەردوو لایەنی عەرەبی و یەکێتی پێداگرن لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە. هەروەها گوتیشی، پێشنیازێک هەیە، پۆستەکە دوو ساڵ بە دوو ساڵ لەنێوان کورد و عەرەب دابەشبکرێت.

ئیسماعیل حەدیدی، ئەمینداری گشتیی پارتی هەدەفی وەتەنی، رۆژی یەکشەممە، 25ـی شوباتی 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تائێستا هیچ رێککەوتنێک لەبارەی پۆستی پارێزگار نییە. سەرباری پێداگری لایەنی عەرەبی، یەکێتیش رژدە لەسەر وەرگرتنی پۆستەکە، چونکە زۆرینەی ئەنجوومەنی پارێزگاکەیە. 
 
ئەمینداری گشتیی پارتی هەدەفی وەتەنی پێیوایە، "گرنگترین دیدار" کۆبوونەوەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو کە هەموو لایەنەکانی کۆکردەوە، لەسەر کۆمەڵێک بنەما رێککەوتن کە گرنگترینیان بریتیە لەوەی هەرکەسێک بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک بەربژێر بکرێت، پێویستە جێگەی پەسندی هەموو لایەنەکان بێت.
 
بە گوتەی ئیسماعیل حەدیدی، "دەستوەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق گرنگە، پرۆسەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەن و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکووک خێراتر دەکات، کۆکردنەوەی لایەنەکان هۆکاری چارەسەرە، کە رەنگە ببێتە هۆی رێککەوتن لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان بە رەزامەندی هەمووان. ناشکرێت دۆخەی کەرکووک هەر بەم ئاڵۆزییە بمێنێتەوە، دەبێت چارەسەر بکرێت."
 
ئەمینداری گشتیی پارتی هەدەفی وەتەنی باسی لەوە کرد، پارتی دیموکراتی کوردستان دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ عەرەب و تورکمان هەبووە، نزیکبووە لەو لێکتێگەیشتنەی کە لە نێوان عەرەب و تورکمان کراوە. 
 
گوتیشی، "پێشنیازەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبەرچاو دەگرین و جێگەی بایەخە، عەرەب پێیوابووە هاوپەیمانیکردن لەگەڵ پارتی و تورکمان وادەکات رێژەی یاسایی تەواوبێت و کۆبوونەوەی ئەنجوومەن بکرێت."
 
"لە دیدارو کۆبوونەوەکان باس لەوەکراوە، کە کەسێکی کوردی ئاسایی و دوور لە حیزبی کە جێگەی رەزامەندی هەمووان بێت بکرێتە پارێزگاری کەرکووک، هەروەک چۆن لە دوای 2003وە کەسێکی وەک عەبدولڕەحمان مستەفا کرایە پارێزگاری کەرکووک، بەڵام ئەمڕۆ دۆخەکە جیاوازە عەرەب پێداگرن لەسەر وەرگرتنی ئەم پۆستە." ئەمە بەپێی گوتەی ئیسماعیل حەدیدی.
 
لەبارەی پرۆژەی عەرەب و تورکمان، گوتی، "پرۆژەی عەرەب بریتییە لەوەی پۆستی پارێزگار دوو ساڵ بۆ عەرەب و دوو ساڵەکەی دیکە بۆ کورد بێت، پرۆژەی لایەنی تورکمانیش ئەوەیە کە ئەو پۆستە خولی بێت لە نێوان کورد، عەرەب و تورکمان، بەڵا، ئەو پرۆژانە لە گەنگەشەکردندان."
 
حەیدی ئاماژەی بەوەکرد، کە بەپێی یاسای هەڵبژاردن پێویست بوو دوای تەواوبوونی وردبینی لە تۆماری دەنگدەران، ئەوکات هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بکرێت، لیژنە پێکهات، بەڵام وردبینی نەکرا، بۆیە دەکرێت ئەمە بکرێتە بنەمایەک لە دادگەی باڵای فیدراڵی تانەی لێبدرێت، ئەو کات دادگا بڕیار لە ئەنجامی هەڵبژاردنی کەرکووک دەدات.
 
سەرۆکی ئەو پارتە عەرەبییە گوتیشی، "ئەگەر دۆخەکە بەردەوام بێت و بگاتە بنبەست ئەوکات کورد لە دادگەی باڵای فیدراڵی سکاڵا تۆماردەکات لەبارەی کۆنەبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا."
 
رۆژی 18 کانوونی یەکەمی 2023 دوای 18 ساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە کەرکووک کرا.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 15  کورسی لەگەڵ کورسییەکی کۆتای کریستیان پێکهاتووە، بۆ دانانی پارێزگار و دروستکردنی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک لە 16 کورسی نیوە +1ـی پێویستە، واتا 9 کورسی؛ تائێستا هیچ لایەنێک نەیتوانیوە ئەو ژمارەیە کۆبکاتەوە. یەکێتی 5 کورسی و پارتی 2 کورسی و کورسییەکەی کریستیان نزیکە لە یەکێتی 8 کورسیان هەیە، لایەنە عەرەبی و تورکمانییەکان 8 کورسین، لایەنە عەرەبییەکان 6 کورسیان هەیە، کە هاوپەیمانیی عەرەبی 3 کورسی، هاوپەیمانیی عرووبە کورسییەک و هاوپەیمانیی قیادە 2 کورسی، هەروەها تورکمان 2 کورسیی هەیە. 
 
تائێستا ئەنجوومەنەکە نەیتوانیوە یەکەم کۆبوونەوە بکات. لەسەر بانگهێشتی پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت، دەبووایە رۆژی 5ـی شوباتی2024  یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێی پارێزگای کەرکووک بەڕێوەبچێت، بەڵام لایەنی تورکمان و عەرەب ئامادەی کۆبوونەوە نەبوون.
 
رۆژی چوارشەممە، 21-02-2024، نوێنەرانی هێزە سیاسییە براوەکان لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکە بڕیاردرا هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی کەرکووک لە هەموو هێزە براوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا پێکبێت.
 
لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، ئاسۆ مامەند، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبە، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پارتی دیموکراتی کوردستان، خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سەروەریی، محەممەد تمیم، وەزیری پلاندانان و سەرکردە لە هاوپەیمانیی تەقەدووم، حەسەن تۆران، سەرۆکی بەرەی تورکمانی و رەیان کلدانی، سەرۆکی بزووتنەوەی بابلیۆن بەشداربوون.