بەرپرسێکی کۆمیسیۆن: داوامانکردووە لە 5 بۆ 10ـی حوزەیران هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
دوای بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراق لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و چۆنێتی بەڕێوەچوونەکەی، چاوەکان لەسەر دیاریکردنی رۆژێکن بۆ هەڵبژاردنەکە لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە. بەرپرسێکی باڵای کۆمیسیۆن دەڵێت، بە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیان گوتووە، لەنێوان 5 بۆ 10ـی حوزەیراندا رۆژێک دیاری بکەن.
رۆژی یەکشەممە، 25ـی شوباتی 2024، هەیمان تەحسین، بەڕێوەبەری گشتیی پارت و رێکخراوەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا بە رەنجە جەمال، پەیامنێری هەولێری گوت، سێشەممەی رابردوو لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەو پێشنیازەیان کردووە بۆ کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و چاوەڕوانی وەڵامی ئەوانن.
ئەمڕۆ شاندێکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە شاری هەولێر لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە؛ هەیمان تەحسین دەڵێت، دەیانەوێت هەموو ئاستەنگی و بەربەستەکانی هەڵبژاردن بەهاوئاهەنگی یەکتر لاببەن.
بەڕێوەبەری گشتیی پارت و رێکخراوەکان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی، "کێشەمان سەبارەت بە لۆگۆی پارتە سیاسییەکان هەیە، بەشێکیان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، بەڵام لای ئێمە تۆمار نەکراون؛ هەمووان دەتوانن بەشداری بکەن، بەو مەرجەی لۆگۆی حیزبەکانیان بە فەرمی بدەنە ئێمە."
هەندێک لایەنی کوردستانی لە بەغدا مۆڵەتیان پێدراوە و لە هەولێر پێیاننەدراوە یان نییانە. هەیمان تەحسین گوتی، بۆ بەشداریکردنی ئەو حیزبانەش هاوئاهەنگی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیان پێویستە.
لە بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی کە 21ـی شوبات سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دای، دادگەکە رایگەیاند، دەبێت هەڵبژاردنەکە فرەبازنەیی بێت و لەچوار بازنە کەمتر نەبێت. هەیمان تەحسین گوتی، لیست کراوە یان نیمچەکراوە دەبێت کاری لیژنەی هونەرییە و ئەو ناتوانێت قسەی لەسەر بکات.
ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق 7ـی تەمموز ماوەی یاساییان تەواو دەبێت. بەڕێوەبەری گشتیی پارت و رێکخراوەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، پێیانوایە بۆ راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان ئەگەر پێویستیان بە کات هەبێت پەرلەمانی عێراق ماوەی یاساییەکەیان درێژ دەکاتەوە.
یەکێکی دیکە لە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی عێراق لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە ئەوە بوو، کە 111 کورسی کرد بە 100 کورسی و 11 کورسیی پێکهاتەکانی وەکو کۆتا رەتکردەوە، ئەوەش ناڕەزایی پێکهاتەکانی لێکەوتەوە.