‏لە سلێمانی 21 منداڵ لەلای خێزانی جێگرەوە دەژین ‏


رووداو دیجیتاڵ

لە سلێمانی 21 منداڵ کە بە هەر هۆکارێک بێت، لەلای دایک و باوکی راستەقینەیان نین، ئێستا لەلای خێزانی جێگرەوە بەخێودەکرێن.
 
بۆ چارەسەرکردنی کێشەی منداڵانی بێباوک و دایک، لە ساڵی 2015ـەوە پڕۆژەی خێزانی جێگرەوەی لە شاری سلێمانی دەستیپێکردووە. ئەم پڕۆژەیە ئامانجی سەرەکی ئەوەیە منداڵانێک کە بە هەر هۆکارێک لە خێزانەکانیان دابڕاون، لە ژینگەیەکی خێزانی تەندروستدا پەروەردە بکرێن.
 
محەممەد عەلی، توێژەر و بەرپرسی هۆبەی خێزانی جێگرەوە لە سلێمانی، میوانی پۆدکاستی بەکاتی سلێمانی بوو لە رادیۆی رووداو، گوتی: "کاتێک دایک و باوکێک ناتوانن منداڵێکیان بەخێو بکەن، بە هەر هۆکارێک بێت، ئەوا ئێمە خێزانێکی جێگرەوەی بۆ ئامادە دەکەین، لەسەر داوای خۆیان، بەڵام بەگوێرەی کۆمەڵێک مەرج و هەڵسەنگاندن."
 
محەممەد عەلی روونیکردەوە، لە ساڵی 2025ـەوە لە رێی رێکخراوی STEPـی بەریتانی، ئەم پرۆژەیە گەشەی دەستیپێکردووە و سلێمانی پێشەنگ بووە لە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیەدا لە هەرێمی کوردستان.
 
بەپێی ئامارەکانی هۆبەی خێزانی جێگرەوە، تاوەکو ئێستا 26 منداڵ لە خێزانی جێگرەوە دانراون، بەڵام ئێستا 21 منداڵیان ماونەتەوە. محەممەد عەلی گوتی: "پێنج منداڵ گەڕاونەتەوە لای خێزانی راستەقینەیان، یان بە هۆکاری دیکە لە خێزانە جێگرەوەکان وەرگیراونەتەوە."
 
هەروەها ئاشکرایکرد، 62 خێزان داواکارییان پێشکێش کردبوو وەکو خێزانی جێگرەوە، بەڵام لە پرۆسەی هەڵسەنگاندندان و لەو ژمارەیە، 27 خێزان پەسندکراون. گوتیشی: "چوار خێزان ئێستا لە قۆناخی کۆتایی پەسندکردندان و دوای مانگ و نیوێک دەتوانن منداڵیان لادابنرێت".
 
بەرپرسەکەی هۆبەی خێزانی جێگرەوە دەڵێت، هەر پرۆسەیەکی هەڵسەنگاندنی خێزانەکان 8 بۆ 10 مانگی پێدەچێت. مەرجە سەرەکییەکان بۆ خێزانی جێگرەوە بریتین لەوەی: دەبێت تەمەنیان لانیکەم 25 ساڵ بێت، دەکرێت بێوەژن، یان کچی بەتەمەن بێت، یان ژن و مێرد بن و منداڵیان هەبێت یان نا.
 
بەپێی قسەکانی بەرپرسی هۆبەی خێزانی جێگرەوە، یەکێک لە گەورەترین ئاستەنگەکان بریتییە لە "رووبەڕووبوونەوەی منداڵ بە راستیی ژیانی خۆی" چونکە گوتنی راستییەکان بە منداڵەکە لەبارەی رەچەڵەکی ئەوان بۆ منداڵەکە و خێزانی جێگرەوە، سەختە.
 
محەممەد عەلی دەڵێت، "لە تەمەنی چوار ساڵ بەرەو ژوور پێویستە منداڵەکان بە رێگەیەکی دروست و گونجاو ئاگادار بکرێنەوە کە ئەوان سەر بە خێزانێکی دیکەن، ئەمەش کاردانەوەی جیاوازی دەبێت لەسەر منداڵەکان". گوتیشی: "هەندێکجار منداڵەکە رەتیدەکاتەوە یان خێزانەکە رەتی دەکاتەوە. بۆیە کەم خێزان هەبووە ئامادە بووە راستییەکان بە منداڵەکە بڵێت."
 
لەبارەی پاڵپشتیی دارایی بۆ خێزانی جێگرەوە، محەممەد عەلی دەڵێت، بەراورد بە ئەرکی بەخێوکردنی منداڵ زۆر کەمە، "200 هەزار بۆ منداڵی خوار شەش ساڵ و 300 هەزار بۆ منداڵی سەروو شەش ساڵ، ئەمە هیچ کات هاوتای قورسایی بەخێوکردن و ژیانی منداڵێک نییە."
 
محەممەد عەلی باسی چیرۆکێکی راستەقینە دەکات کە چۆن منداڵێک لە خێزانێکی جێگرەوە وەرگیراوەتەوە: "گەڕانەوەی منداڵ بۆ لای خێزانی راستەقینە زۆر قورسە. ساڵی 2017، لە یەکێک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان کچێکی تەمەن 13 بۆ 14 ساڵان دەستدرێژی کراوەتەسەر و دووگیان بووە، باوک و دایکی كچەکە ویستوویانە منداڵەکە بە پێنج ملیۆن دینار بفرۆشن. ئێمە لەڕێگەی لیژنەیەکی تایبەتەوە رێگەمان نەدان و منداڵەکەمان لێ وەرگرتن و ئێستا لە خێزانی جێگرەوەیە و دۆخی منداڵەکە زۆرباشە."