بەرپرسێکی وەزارەتی کارەبا: کێشە تەکنیکییەکەی کێڵگەی کۆرمۆر چارەسەر کرا

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە دوو هەزار و 500 مێگاوات کارەبا کەمیکردووە. بەڕێوەبەرێکی گشتیی کۆنترۆڵی کارەبا دەڵێ، دوای کاژێر و نیوێک کێشەکە کۆنترۆڵکراوە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بەهۆی گرفتێکی تەکنیکییەوە، هەناردەی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا راگیرا".
 
وەزارەتی کارەبا رایگەیاندووە، تیمەکانی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی کارەبا سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەکەن.
 
ئەندازیار غالب محەممەد، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کێشەکە نزیک کاژێر 09:00ـی ئەم بەیانییە دروستبووە و دوای نزیکەی کاژێر و نیوێک کۆنترۆڵ کراوە".
 
ئەوە لەکاتێکدایە، دوێنێ وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، بەهۆی دابەزینی پلەی گەرماوە هەزار مێگاوات بەرهەمی کارەبا کەمبووەتەوە، دوای چەند کاژێرێک ئاساییبوونەوەی دۆخەکەی راگەیاند.
 
غالب محەممەد دەڵێت: "کێشەکەی دوێنێ نزیک بە نیوەڕۆ چارەسەر کرا، بەڵام ئاساییبوونەوەی دۆخی کارەبا کەوتە نزیکەی کاژێر 12:0ـی شەوی رابردوو".
 
کەمال محەممەد، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان، 17ـی ئەم مانگە رایگەیاند: "بەرهەمی کارەبا ئێستا چوار هەزار مێگاواتە، بەڵام خواست لەم وەرزەدا دەگاتە حەوت هەزار مێگاوات."