باراک و شەیبانی باسی چالاککردنەوەی باڵیۆزخانەی سووریا لە واشنتن دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی سووریا و نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا کۆبوونەوە و تاوتوێی کردنەوەی باڵیۆزخانەی سووریایان لە واشنتن کرد.
 
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا و تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا لە دیمەشق کۆبوونەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی سووریا، هەردوولا جەختیان لەسەر پابەندبوونی تەواو بە یەکپارچەیی خاکی سووریا و سەروەری دەوڵەت بەسەر تەواوی جوگرافیاکەیدا کردەوە، لەگەڵ پێداچوونەوە بەو هەنگاوە پراکتیکییانەی لە دۆسیەی تێکەڵکردنی "هێزەکانی سووریای دیموکرات" (هەسەدە) لەناو دامودەزگاکانی دەوڵەتی سوریادا نراون.
 
راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی سووریا:
 
لە دیمەشقی پایتەخت، کۆبوونەوەیەکی بونیاتنەر و درێژخایەن لە نێوان وەزیری دەرەوە و کۆچبەران، بەڕێز ئەسعەد حەسەن شەیبانی و نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا، بەڕێز تۆماس باراک بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کۆمەڵێک دۆسیەی ستراتیژی کرا کە وەک بنەمایەک دەبن بۆ قۆناخێکی نوێی هاوکاری نێوان هەردوو وڵات.
 
هەردوولا جەختیان لەسەر پابەندبوونی تەواو بە یەکپارچەیی خاکی سووریا و سەروەری دەوڵەت بەسەر تەواوی جوگرافیاکەیدا کردەوە، لەگەڵ پێداچوونەوە بەو هەنگاوە پراکتیکییانەی لە دۆسیەی تێکەڵکردنی "هێزەکانی سووریای دیموکرات" (هەسەدە) لەناو دامودەزگاکانی دەوڵەتی سوریادا نراون.
 
هەروەها گفتوگۆ کرا دەربارەی دەستپێکردنی کارەکانی لیژنەیەکی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی سووریا بۆ دڵنیابوون لە شەفافیەت لە دۆسیەی لەناوبردنی چەکە کیمیاییەکان لەژێر چاودێرییەکی تەواوی نیشتمانیدا.
 
هاوکات باس لە گرنگی پاڵپشتیکردنی سووریا کرا لە شەڕی دژی رێکخراوی "داعش" و چالاککردنی رۆڵی وەک هاوبەشێکی سەرەکی لە ئاسایشی ناوچەکەدا.
 
بەڕێز باراک جەختی لە ئارەزووی کۆمپانیا گەورەکانی ئەمریکا کردەوە بۆ بەشداریکردن لە گەشەپێدانی ئابووری سووریا، بەتایبەتی لە کەرتی نەوت و وزە، و کردنەوەی ئاسۆی وەبەرهێنان لەبەردەم شارەزاییە نێودەوڵەتییەکان.
 
لە کۆتاییدا، هەردوولا باسیان لە ئامادەکارییە لۆجستی و سیاسییە پێویستەکان کرد بۆ دووبارە چالاککردنەوەی باڵیۆزخانەی سووریا لە واشنتن، بە شێوەیەک پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەل و بەهێزکردنی کەناڵە فەرمییەکانی نێوان هەردوو وڵات گەرەنتی بکات.
 
وەزارەتی دەرەوە و کۆچبەران لە کۆماری عەرەبی سوریا
چوارشەممە ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٦ - ٠٧ی رەمەزانی ١٤٤٧