لە گەڕەکێکی هەولێر گۆڕێکی بەکۆمەڵ و پێگەیەکی شوێنەواری دۆزرایەوە؛ '100 کەللـەسەری تێدایە'
رووداو دیجیتاڵ
لەکاتی کارکردن لە پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە گەڕەکی باغلومنارەی شاری هەولێر، پێگەیەکی شوێنەواری دۆزرایەوە، کە گۆڕێکی بەکۆمەڵە و پاشماوەی زیاتر لە 100 کەلـلەسەری مرۆڤ و چەندین پارچە شوێنەواری مێژووییی تێدایە.
رۆژی 7ی شوباتی 2026 شوێنەوارەکە دۆزراوەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئومێد خۆشناو، پارێزگای هەولێر بە رووداوی گوت، "لەکاتی جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە گەڕەکی باغلومنارە، کرێکارەکان ژمارەیەک ئێسک و پرووسکی مرۆڤیان بینیوە، دەستبەجێ تیمەکانی شوێنەوارمان ئاگادار کردەوە و دوای کنەوپشکنین دەرکەوتووە کە پێگەیەکی شوێنەواریی گرنگە."
هەر ئەمڕۆ محەممەد لەشکری، بەڕێوەبەری کاروباری شوێنەوار و کەلەپوور لە هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەری تیمی دۆزینەوەکە بە رووداوی گوت، "بەهۆی بارانەوە نەتوانرا راستەوخۆ کاری لێ بکرێت؛ بەڵام لە 13ی شوباتەوە کاری تێدا دەکەین؛ تائێستا کارکردن بەردەوامە و 103 کەلـلەسەر دۆزراونەتەوە و 4 کەلـلەسەریش لە کاتی کارکردندا بەر کێلی حەفارە کەوتوون."
محەممەد لەشکری روونیکردەوە، "ئەو ناوچەیە بە شانشینی ئەدیابین دەناسرێت. شانشینەکە لە کتێبی کرۆنۆلۆژیای ئەربیلدا باس کراوە و دەگەڕێتەوە بۆ سەتەی چوار و پێنجی زایینی. قەشەیەک باس لە ژیانی قەشەکانی پێش خۆی کردووە و لەگەڵ هاتنی ئایینی جوو بۆ ناوچەکە، کە رەنگە کۆمەڵکوژ کرابن."
ئومێد خۆشناو لەبارەی تەمەنی ئەو پێگە شوێنەوارییە بە رووداوی گوت، "خەمڵاندنە سەرەتاییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە مێژووی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵە و پارچە شوێنەوارییانە بۆ زیاتر لە 1400 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە."
بەڵام لەشکری دەڵێت، "هاوکات رەنگە لە کاتی ساسانییەکانیش بووبێت کە ئایینیان زەردەشتی بووە. یانیش وای بۆ دەچین، ئەو لەشکرەی هات شانشینی ئەدیابینی رووخاند، ئەم خەڵکەشیان کۆمەڵکوژ کردبێت. دەشکرێ ئەو خەڵکە تووشی نەخۆشی و دەردێک بووبن."
لێکۆڵینەوەکان سەرەتایین؛ پەیوەندی بە وەزارەتی ناوخۆ کراوە و داوا دەکرێ نموونەی DNAیان وەربگیرێت؛ تەمەن و ساڵی مردنیانمان دەستنیشان بکات.
محەممەد لەشکری گوتی، "گومانێکی دیکەشمان هەیە، هیچ لێدان و زەبروزەنگێک بە کەلـلەسەرەکانەوە دیار نییە. بەڵام دوو گۆزەیان لەگەڵ دۆزراوەتەوە، پێدەچێت ژەهرخوارد کرابن. سکەیەک و هەندێک خرخاڵ لە گۆڕە بەکۆمەڵەکەدا هەن. رەنگە خەڵکی شانشینی ئەدیابین بن."
بەڕێوەبەری کاروباری شوێنەوار و کەلەپوور لە هەرێمی کوردستان گوتیشی، "هیوادارین حکومەتی هەرێمی کوردستان شوێنەکە بکاتە مۆنۆمێنتێک وەک سیمبوولێک بۆ شوێنەوار و کەلەپووری هەولێر و ناوچەکەیش."
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەدا، "پارەی کۆن و دوو خڕخاڵی بڕۆنز و دوو مرواری ملوانکە و بازنێکی ئاسن و چوار پارچه گۆزه لهگهڵ تهرمهكاندا دۆزراونەتەوە و بۆ یەکلاییکردنەوەی ڕاستییەکانیش، نموونەی DNA ڕەوانەی وەزارەتی ناوخۆ کراوە بۆ پشکنینی وردی زانستی."