لە کەرکووک چێشتخانەیەک داخرا؛ لەنێو بانیۆدا زەڵاتەی دروست کردبوو
رووداو دیجیتاڵ
لیژنەکانی چاودێریی تەندروستی لە کەرکووک، دوو چێشتخانە و شیرنەمەنییەکیان داخست و دووانی دیکەشیان سزادا. بەڕێوەبەری چاودێریی تەندروستیی شارەکەش ئاشکرای دەکات، یەکێک لە چێشتخانەکان بانیۆی حەمامی بۆ شوشتنی خواردن و ئامادەکردنی زەڵاتە بەکارهێناوە.
دکتۆر عەلی جەمیل، بەڕێوەبەری هۆبەی چاودێریی تەندروستیی کەرکووک، ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی شوباتی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا لیژنەکانمان هەڵمەتێکیان بۆ بەسەرکردنەوەی چێشتخانە، شیرنەمەنی و شوێنە گشتییەکان دەستپێکردووە، ئامانجیش لەم هەڵمەتە چاودێریکردنی ئاستی پابەندبوونیانە بە رێکارە تەندروستییەکان."
لەبارەی سەیرترین ئەو سەرپێچییانەی لە کاتی بەسەرکردنەوەکانیاندا بەرچاوکەوتوون، دکتۆر عەلی جەمیل گوتی: "ئەوەی زۆر جێگەی سەرسوڕمان بوو، لە یەکێک لە چێشتخانەکاندا بینیمان کە بانیۆی حەمامیان بۆ شوشتنەوەی خواردنەکان و دروستکردنی زەڵاتە بەکارهێناوە، ئەمەش کارێکە نە لەڕووی تەندروستی و نە لەڕووی عورفییەوە بە هیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نییە."
بەهۆی ئەو سەرپێچییە و چەند کەمموکوڕییەکی دیکەوە، ئەو چێشتخانەیە بە 250 هەزار دینار سزادراوە.
بەڕێوەبەری هۆبەی چاودێریی تەندروستیی کەرکووک ئەوەشی خستەڕوو، جیا لەو حاڵەتە، چێشتخانەیەکی دیکەش بە هەمان بڕە پارە سزادراوە؛ هەروەها شیرنەمەنییەک و چێشتخانەیەکی دیکەش بەهۆی زۆریی سەرپێچییەکانیانەوە بۆ ماوەی هەفتەیەک بڕیاری داخستنیان بۆ دەرچووە.
تەندروستیی کەرکووک روونیشی کردووەتەوە، ئەو سزایانە وەک هۆشداریی یەکەم بەسەر ئەو شوێنانەدا سەپێندراون. بڕیاریشە دوای ماوەیەک لیژنەکان سەردانی هەمان ئەو شوێنانە بکەنەوە و ئەگەر پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان نەبن، رووبەڕووی سزای تووندتر دەبنەوە.