دانیشتووانی گەڕەکی نەورۆز کۆتاییان بە مانگرتن هێنا دژی داگیرکاری سوپا
رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکووک ئەو خێوەتەیان هەڵگرت کە زیاتر لە دوو ساڵە لەکۆڵانێکی گەڕەکەکەیان هەڵیانکردووە دژی داگیرکردنی ژمارەیەک خانوویان لەلایەن سوپاوە.
رۆژی چوارشەممە، 25-02-2026، فەخرەدین ساڵح یەکێک، لەنوێنەرانی ئەو گەڕەکەیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای رووداوەکانی رۆژی یەکشەممەی ئەم هەفتەیە و هاتنە سەر هێڵی پارێزگار بۆ چارەسەری کێشەکە، سوپا لەگەڕەکەکەیان کشاوەتەوە و ئێستا تەنیا دوو خانوو ماون کە ئەوانەش لەژێر دەستی پۆلیسدان و بڕیارە چارەسەرێکی گونجاو بۆ ئەو خانووانەش بدۆزرێتەوە".
فەخرەدین ساڵح گوتیشی، "تاڕادەیەک چارەسەرێکی گونجاو بۆ کێشەکان دۆزراونەتەوە بە دانایی و هەوڵی رێبوار تەها پارێزگاری کەرکووک، دوای ئەوەی پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵ سوپاسالاری عێراق ئەنجامدا و ئێستا دۆسیەکەیان لە ژێر دەستی ئیدارەی پارێزگادایە، بۆیە ئومێد دەکەن لەداهاتوودا کێشەکە بەتەواوی چارەسەر بکرێت".
ئەو نوێنەرەی گەڕەکی نەورۆز راشیگەیاند، لە هەر ئەگەرێکی سەپاندنی دۆخی سەربازی و نائاسایی لەداهاتوودا دانیشتووانی گەڕەکەکە بێدەنگ نابن و نەورۆز وەک "هێمای خۆڕاگری" دەمێنێتەوە.