کرێی تەکسی و گواستنەوەی گشتی لە سنە زیادکرا
رووداو دیجیتاڵ
کرێی تەکسی و پاس لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان بە رێژەی 42٪ زیادکرا.
فەرزاد زارعی، سەرۆکی ئەنجوومەنی شاری سنە رایگەیاند، دوای تەواوبوونی رێکارە یاساییەکان و رەزامەندیی لایەنە پەیوەندیدارەکان، بڕیاری زیادکردنی کرێی تەکسی و پاس لەنێو شاری سنە، لە رۆژی سێشەممەوە کەوتە واری جێبەجێکردنەوە.
بە گوتەی فەرزاد زارعی، لە کۆبوونەوەی رۆژی 3ـی شوباتی 2026ـی ئەنجوومەنی شارەکەدا بە زۆرینەی دەنگ بڕیارەکە دراوە و دواتر بۆ وەرگرتنی رەزامەندی، رەوانەی قایمقامییەتی سنە کرا.
سەرۆکی ئەنجوومەنی شاری سنە رایگەیاند، دواتر وردەکارییەکانی ئەو کرێیەی پەسەند کراوە، بۆ رای گشتی رادەگەیێنرێ و پێویستە هەموو شۆفیران و خاوەن تاکسییەکانیش پابەندبن بەو نرخە نوێیانەوە.
فەرزاد زارعی گوتی، هەر سەرپێچییەک لە وەرگرتنی کرێی زیاتر لە بڕی دیاریکراو، بەدواداچوونی بۆ دەکرێ و بە پێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ.