ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچە کۆدەبێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی دەکات و لەبارەی سێ پرسی گفتوگۆ دەکرێت، یەکێک لەوانەش دۆخی دارایی و مووچەی مووچەخۆرانە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 25ى شوباتی 2026 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، کۆدەبێتەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوی حکومەت، لە کۆبوونەوەکەدا ئەم سێ بڕگە سەرەکییە باس دەکرێن:
 
1- بەدواداچوونی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دواهەڵوێستی بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان و خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆران و بەدواداچوونی دەرئەنجامی کۆبوونەوەی تیمی هاوبەشی هەردوو چاودێریی دارایی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان لەبارەی پابەندیی دارایی هەردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر یەکدی گفتوگۆ دەکرێت.
 
2- هەنگاوەکانی ئەم دواییە سەبارەت بە کەوتنەبواری جێبەجێکردنی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و رێکخستنەوەی سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگە لەناو وەزارەتی پێشمەرگە تاوتوێ دەکرێت.
 
3- گفتوگۆ دەکرێت لەسەر پێشنیاری وەزارەتی ناوخۆ، تایبەت بە درێژکردنەوەی ماوەی کارکردن بە بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (282) لە رێکەوتی 18ی حوزەیرانی 2025، تایبەت بە لێخۆشبوونی سزاکانی سەرپێچیی هاتووچۆ بە رێژەی (20%) بۆ شەش مانگی دیکە و تاوەکو 30ی حوزەیرانی 2026.