بازرگانیی عێراق بۆ رووداو: نیسک و دۆشاوی خراپبوو لەنێو سەبەتەی خۆراکدا نین

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باسی دابەشکردنی نیسک و دۆشاوی تەماتەی خراپبوو لەنێو سەبەتەی خۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان دەکەن و دەڵێ، هەموو مادەکان پشکنینیان بۆ کراوە. بەڕێوبەری دابەشکردنی خۆراکی پارێزگای هەولێریش دەڵێت، "خۆراکی خراپبوو دابەش نەکراوە."
 
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی شوباتی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو هەواڵانەی لە هەندێک پەیجی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە و باسی بوونی مادەی خۆراکیی خراپبوو (نیسک و دۆشاوی تەماتە) لەنێو سەبەتەی خۆراک دەکەن، دوورن لە راستییەوە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق گوتی، "هەموو ئەو مادە خۆراکییانەی دابەش دەکرێن، پێش گەیشتنیان بە دەستی هاووڵاتییان، پشکنینی وردی تاقیگەیی و رێکاری چاودێریی تووندیان بۆ دەکرێ، بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە لەوەی بەپێی ستانداردە پەسندکراوەکانن و بۆ خواردن شیاون."
 
ئاماژەی بەوەش کرد، تیمەکانی چاودێری و پشکنین بە شێوەیەکی بەردەوام چاودێریی کۆگەکان و بریکارەکانی خۆراک دەکەن بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیی خۆراکەکان و "هەر لایەنێک کەمتەرخەم بێت یان سەرپێچیی رێنمایی بکات، رێکاری یاسایی تووندی بەرامبەر دەگیرێتەبەر."
 
هەر لەو بارەیەوە دلێر عەبدولخالق، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراکی پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دۆشاوی تەماتە هیچ کێشەیەکی نییە، هەموو قوتووەکانی کاتی بەسەرچووونیان لەسەرە، روونە کە کاتیان هێشتا ماوە و هیچ خۆراکێکی خراپبوو دابەش نەکراوە."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراکی پارێزگای هەولێر، "رەنگە لەکاتی بارکردن و گواستنەوە، دەکرێ قوتوویەک دۆشاوی تەماتە بەربێتەوە و سەرەکەی بتەقێت و کونبێت، سرووشتەکەی وایە ئەگەر بتەقێت لە چەند رۆژێکدا دۆشاوی تەماتەکە خراپ دەبێت، ئەگەر نا هیچ کێشەیەکی نییە."