ئومێد خۆشناو: لەگەڵ پارێزگاری ئامەد باسمان لە دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان کردووە


رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری هەولێر کە لە باکووری کوردستانە، باس لە دیدارەکانی دەکات و سەرنج دەخاتەسەر هەوڵەکانی بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتی ئاسمانیی نێوان هەولێر و ئامەد.
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر سەبارەت بە دیدارەکانی لە پێشانگەی گەشتوگوزاری میزۆپۆتامیا لە ئامەدی باکووری کوردستان، رۆژی هەینی 25-3-2022 قسەی بۆ پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی: "هەرێمی کورستان خوازیارە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا فراوان بکات؛ رێگەی راستمان ئەوەیە پەیوەندییەکانمان باش بن لە هەموو رووەکانەوە؛ دەبێت هەردوولامان هاوکاربین".
 
پارێزگاری هەولێر دەڵێت، لەگەڵ پارێزگاری ئامەد و ژووری بازرگانیی ئامەد کۆبووەتەوە و یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکان باسکردن بووە لە دەستپێکردنەوەی گەشتی راستەوخۆی نێوان هەولێر و ئامەد.
 
ئومێد خۆشناو دەڵێت، تێبینی خۆیان لەسەر دەستپێکردنەوەی گەشتەکان خستووەتەڕوو و گوتیشی، هەردوولایان ئامادەییان دەربڕیوە بۆ هەنگاونان بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان.
 
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، پارێزگاری ئامەدی بانگهێشتکردووە بۆ هەولێر و ئەویش رازی بووە و گوتیشی: "پارێزگاری ئامەد گوتی لە یەکەم گەشتی راستەوخۆی نێوان هەولێر و ئامەد، سەردانی هەولێر دەکات."
 
ئومێد خۆشناو باسی لەوەش کرد: "حکومەتی هەرێمی کوردستان ستراتیژییەتی خۆی گۆڕیوە و ئیدی تەنیا پشت بە نەوت نابەستێت؛ کەواتە کۆمەڵێک دەرفەتی گرنگ دەڕەخسێنێت و لێرە بانگەوازمان کرد، کە کۆمپانیاکان و سەرمایەدارانی باکووری کوردستان و وڵاتی تورکیا دەتوانن لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکانی ئێمە بێن لە هەرێمی کوردستان کاربکەن و گەرەنتی کاریان هەیە، پارێزگارییان لێدەکەین و هەرچی ئاسانکاری بێت ئێمە پێشکێشیان دەکەین".
 
لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 15:00ـی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداویش، محەممەد کایا، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد گوتی، هەموو کارێک دەکەن بۆ پێشخستنی بازرگانی و گەشتیاری لەنێوان هەولێر و ئامەد و رایگەیاند: "یەکێک لە پلانەکانمان چارەسەرکردنی ئەو قەرەباڵخییە دەبێت کە لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل دروستدەبێت؛ ناکرێت کەسێك گەشت بکات و بۆ ماوەیەکی زۆر لە دەروازەکەدا رابگیرێت".
 
محەممەد کایا سەبارەت بە گەشتی ئاسمانی هەولێر و ئامەد گوتی، شەڕی رووسیا و ئۆکراینا گەشتی نێوان هەولێر و ئامەدی دواخستووە، ئەگینا پلانیان بووە ئەم مانگە دەستپێبکات و گوتیشی، "بە بۆچوونی من، لە چەند مانگی داهاتوودا گەشت دەستپێدەکاتەوە".
 
بە بەشداری ئومێد خۆشناو، پێشانگەی گەشتوگوزاری میزۆپۆتامیا لە ئامەدی باکووری کوردستان رۆژی پێنجشەممە دەستی بە کارەکانی کرد و بڕیارە تاوەکو 27ـی ئەم مانگە بەردەوام بێت.
 
رۆژی 10ی نیسانی 2016 یەکەم گەشتیی ئاسمانیی راستەوخۆی نێوان ئامەد – هەولێر دەستیپێکرد و هەفتانە سێ گەشتی راستەوخۆ ئەنجام دەدرا. دواتر لە مانگی ئەیلوولی 2017دا و بەهۆی گشتپرسیی سەربەخۆیی باشووری کوردستانەوە، گەشتەکان هەڵوەشێندرانەوە. رۆژی 21ی ئاداری 2019 گەشتەکان دەستیانپێکردەوە و هەفتانە سێ گەشتی راستەوخۆ ئەنجام دەدران، بەڵام بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا گەشتەکانی راگرتەوە.