دەزگای خێرخوازیی بارزانی: 18 بارهەڵگر هاوکاریمان دەگاتە رۆژئاوا و باکووری کوردستان

رووداو دیجیتاڵ

دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەڵێت، هاوکاریی زیاتر لە 339 هەزار خێزانی زیانلێکەتووی بوومەلەرزەی کردووە. ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی دەزگاکەش دەڵێت، ئەمڕۆ 18 بارهەڵگر هاوکارییان دەگەنە عەفرین و باکووری کوردستان.
 
بەگوێرەی نوێترین راپۆرتی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، تاوەکو 24ـی ئاداری 2023، دەزگاکە هاوکاریی مرۆیی گەیاندووەتە 339 هەزار و 136 خێزان؛ زۆرترین خێزانی سوودمەندبووش لە هاوکارییە مرۆییەکان لە شاری مەڕەش بوون، کە زیاتر لە 102 هەزار خێزان بوون، هەروەها لە عەفرین و دەوروبەری لە رۆژئاوای کوردستان، 58 هەزار و 403 خێزان هاوکاری مرۆیی کراون لەلایەن دەزگاکەوە.
 
رۆژی شەممە 25ـی ئاداری 2023، رەواج حاجی، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بەرپرسی دۆسییەی سووریا لە دەزگاکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "هاوکارییەکانمان بۆ باکوور و رۆژئاوای کوردستان بەردەوامن؛ ئەمڕۆ 18 بارهەڵگرمان دەگەنە ئەو ناوچانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە پێویستیان بە هاوکارییە؛ 13 بارهەڵگریان بۆ سنووری عەفرینە و ئەوەی دیکەش بۆ باکووری کوردستانە".
 
رەواج حاجی گوتی، لە باکووری کوردستان ئامادەکردنی خواردنی گەرم بۆ خەڵکی شارەکانی مەرەش و ئامەد بەردەوامە و لە هاتای تورکیاش ناوەندێکی هاوکارییان کردووەتەوە.
 
سەبارەت بە عەفرین و دەوروبەری، بەرپرسی دۆسیەی سووریا لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەڵێت، هاوکاری جیا پێشکێشی زیانلێکەوتووان دەکەن، بەتایبەت خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ دانیشتوانی گوند و شارۆچکەکانی سنووری عەفرین.
 
جگە لە بوومەلەرزەکانی شەشی شوباتی 2023، شەوی 14ـی ئادار، لافاو چەند ناوچەیەکی لە باکووری کوردستان گرتەوە کە زیانی گیانی و مادی بەدواوە بوو. رەواج حاجی دەڵێ، دەزگاکەیان هاوکاریی گەیاندووەتەوە زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی رووهای باکووری کوردستان.
 
هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ باکوور و رۆژئاوای کوردستان بریتین لەمانە:
 
 - ژەمە خۆراکی گەرم
- بەتانی، دۆشەک و سەرین
- ئاوی خواردنەوە
- ژەمە خۆراکی وشک
- ژەمە خۆراکی خێرا
- هاوکاریی پزیشکی
- جلوبەرگی جۆراوجۆر
- خێوەت
- پارەی کاش
- پاکێجی منداڵان و شیری منداڵان
- خەڵووز
- پێویستیی نێوماڵ
- ئامێری بیناسازی
 
ئەو شوێنانەی هاوکارییەکانیان پێگەیشتووە:
 
 - مەڕەش
- سەمسوور
- دیلۆک
- رووها
- ئامەد
-سەمسوور
- مەلەتی
- عەفرین
 - سلۆپی
- نوسێبین
- ئەدەنە
- هاتای
 
رۆژی 6ـی شوباتی 2023، بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە باکووری کوردستان روویدا، کە کاریگەریی لەسەر تورکیا، رۆژئاوای کوردستان و سووریاش هەبوو؛ بوومەلەرزەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 55 هەزار کەس لە سەرجەم ناوچە زیانلێکەوتووەکان.