کەشناسی: یەکشەممە باران دەبارێت


رووداو دیجیتاڵ 

بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، رۆژی یەکشەممە لە هەرێمی کوردستان باران دەبارێت. کەشناسێکیش دەڵێت، لە هەندێک ناوچە بارانی بەهێز و تەرزەش دەبارێت.
 
رۆژی شەممە 25ـی ئاداری 2023، دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سبەی لە زۆربەی کاتەکاندا لە هەرێمی کوردستان باران دەبارێت؛ هەندێک جار باران بە لێزمە دەبارێت. پلەی گەرماش 3 بۆ 5 پلە دادەبەزێت.
 
هەر ئەمڕۆ، محەممەد کەمال شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەهۆی کاریگەری نزمە پەستانێکی دەریای نێوەڕاست و گەیشتنی بڕێک شێ لە باشووری خۆرئاوای ئوردن، سبەی یەکشەمە بارانبارین لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.
 
ئەو کەشناسە ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئێوارە و شەوی یەکشەممە لەگەڵ هەندێک کاتی دووشەممە چەقی شەپۆلەکە دەبێت و ئەگەری بارانی بەهێز و تەرزە هەیە لە هەندێک ناوچە. 
 
هەروەها لە راگەیێندراوێکدا بەشی پێشبینی لە وەزارەتی گواستنەوەی هەرێمی کوردستان پێشبینی بۆ دوو رۆژی داهاتوو بەمشێوەیەی خوارەوە بڵاوکردەوە: 
 
- رۆژی یەکشەممە؛ ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ دەستپێکردنی بارانبارین؛ لە نیوەڕۆدا رێژەی بارانبارین زیاد دەکات و هەندێک کات هەورە برووسکەی لەگەڵ دەبێت و خێرایی با (15-25) کیلۆمەتر دەبێ لە کاژێرێکدا.
 
- رۆژی دووشەممە؛ ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لە گەڵ بارینی نمە باران و بارانی مام ناوەند؛ لە کاتەکانی شەودا ئاسمان دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور، نمە باران لە ناوچە شاخاوییەکان بەردەوام دەبێت.
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراوی بۆ سبەی لە باشووری کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە خستەڕوو:
هەولێر؛ 20 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 18 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 19 پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 23 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 20 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 19 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 18 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 24 پلەی سیلیزی