ئاکپارتی و دەم پارتی کێبڕکێی تووند بۆ سەرۆکی شارەوانیی 'پایتەختی چیاکان' دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

ئاکپارتی و دەم پارتی کێبڕکێی تووند بۆ بردنەوەی پۆستی سەرۆکی شارەوانیی جۆلەمێرگ دەکەن. بەربژێری دەم پارتی "ناردنەوەی قەیووم بۆ ئەنقەرە" و بەربژێری ئاکپارتیش "خزمەت نەک کوشتن"یان کردووەتە دروشمی سەرەکیی بانگەشەکەیان.
 
محەممەد سدیق ئاکێش، بەربژێری دەم پارتی بۆ شارەوانیی جۆلەمێرگ لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە بەشێوەی مەیدانی لە جۆلەمێرگ پێشکێش کرا گوتی: نزیکەی 10 ساڵە قەیووم سەپێندراوە بەسەر جۆلەمێرگدا، 31 ئادار گەلی جۆلەمێرگ ئیرادەی خۆیان بەسەر قەیوومدا دەسەپێنن و دوای هەڵبژاردن قەیووم لە باکووری کوردستان نامێنێت.
 
"بە ئیرادی خۆمان قەیووم دەنێرینەوە بۆ ئەنقەرە" ئاکیش وای گوت. گوتیشی: قەیووم هیچ تابلۆیەکی فەرمی بە زمانی کوردی نەنووسیوە و دوای هاتنی قەیووم چەندین ناوەندی کوردی لە جۆلەمێرگ داخران، هەربۆیە ئەگەر سەربکەوین لە هەڵبژاردن کۆتایی بەو ستەمە دەهێنین کە لە گەلەکەمان دەکرێت.
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا بەربژێرەکەی دەم پارتی بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانیی جۆلەمێرگ رەخنەی تووند لە رکابەرەکەی کە بەربژێری ئاکپارتییە دەگرێت و دەڵێت: راستە بەربژێری ئاکپارتی لە جۆلەمێرگ لەدایکبووە، بەڵام خزمەتی ستەمکار دەکات.
 
لەبارەی ئاکپارتیشەوە کە پارتی دەسەڵاتداری تورکیایە، محەممەد سدیق ئاکێش دەڵێت: ئاکپارتی 22 ساڵە دەسەڵاتدارە و ئێمە باشی دەناسین، ئێمە بە ئاکپارتی دەڵێین 'پارتی رەش'، چونکە وەڵامدەرەوەی خواستی خەڵک نییە.
 
لە وەڵامی پرسیاری پێشکێشکاری رووداوی ئەمڕۆ لەبارەی پلانیان بۆ پەرەپێدانی پێوەندی نەتەوەیی لەنێوان باکوور و پارچەکانی دیکەی کوردستانیشدا بەربژێرەکەی ئاکپارتی لە جۆلەمێرگ دەڵێت: ئێمە سنوور لەنێوان باکوور و باشوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوای کوردستان نابینین، کە وەکو سەرۆکی شارەوانیش دەستبەکاربووین خەبات دەکەین بۆ هاوئاهەنگی هەموو کورد لە هەموو پارچەکان.
 
"خزمەت نەک کوشتن"
 
هاوکات هەر لە جۆلەمێرگ پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) سەرۆک هۆزێکی کوردی بۆ پۆستی سەرۆکی شارەوانی بەربژێر کردووە بە ناوی عیسمەت ئۆڵمەز و دروشمی سەرەکیی بانگەشەی هەڵبژاردنەکەشی ئەوەیە کە "بە کوشتن خزمەتی خەڵک ناکرێت" وەکو ئاماژەیەک بۆ بەربژێر و پارتەکەی رکابەریان.
 
عیسمەت ئۆڵمەز، بەربژێری ئاکپارتی بۆ شارەوانیی جۆلەمێرگ لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: زۆر خزمەتی خەڵکی جۆلەمێرگم کردووە، من کاری سیاسییم نەکردووە، بەڵام 20 ساڵە خزمەتی خەڵک دەکەم.
 
ئۆڵمەز دەڵێت: من پێویستم بە هیچ نییە و خۆم پیاوێکی خاوەن کارم، کوردم و باوکم و باپیریشن کوردن و لە جۆلەمێرگ لەدایکبوون تەنیا پێویستیم بەوەیە خزمەتی جۆلەمێرگ بکەم، بۆیە خۆم بەربژێر کردووە.
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، بەربژێرەکەی ئاکپارتی کە سەرۆکی یەکێک لە گەورە هۆزەکانی ناوچەکەیە، دەڵێت: چەندین هۆزی ناوچەکە ئامادەن لەگەڵ من خزمەتی جۆلەمێرگ بکەن، چونکە جۆلەمێرگ شارێکی زۆر ستەملێکراوە.
 
هاوکات عیسمەت ئۆڵمەز رەخنەی تووند لە پارتەکەی رکابەریان کە دەم پارتییە دەگرێت و دەڵێت: بەهۆی دۆخی نالەبار و پێکدادانە چەکدارییەکان ئێمە گوندمان نەماوە.
 
"بە کوشتن خزمەتی خەڵک ناکرێت"؛ عیسمەت ئۆڵمەز وای گوت و دەشڵێت: پرۆژەمان هەیە بۆ نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی خانووی نوێ لە جۆلەمێرگ، هەروەک پڕۆژەی هەمەلایەنمان هەیە بۆ رەخساندنی هەلی کار و بەکارخستنی گەنجان.
 
بەپێی داتاکان، ژمارەی دانیشتووانی جۆلەمێرگ 287 هەزار و 625 کەسن، لەو ژمارەیە 77 هەزار و 273 کەس مافی دەنگدانیان هەیە کە 39 هەزار و 700 کەسیان لە سەنتەری شارەکەن.
 
ساڵی 2019 و لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا هەدەپە 59.97٪ی دەنگەکان و ئاکەپە 33.25٪ی دەنگەکان و جەهەپە 2.56٪ و پارتەکانی دیکەش 4.22٪ی دەنگەکانی جۆلەمێرگیان بەدەستهێنابوو، لە شارەوانییەکانی دەوروبەری سەنتەری جۆلەمێرگیش کە پێیان دەگوترێت شارەوانی ناوچەکان ئاکەپە 3 شارەوانی بردبووەوە و هەدەپەش هیچ شارەوانییەکی نەبردەوە.
 
بڕیارە 31 ئاداری ئەمساڵ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوەبچێت، دەم پارتی کە پێشتر بەناوی هەدەپە بەشداریی پرۆسەی سیاسیی دەکرد، لەگەڵ ئاکپارتی دەسەڵاتدار لە کێبەرکێیەکی تووندان بۆ بەدەستهێنانی سەرۆکی گەورە شارەوانییەکانی باکووری کوردستان.