ناردنى ناو بە "کۆد" کێشەى مووچەى هێزە ئەمنییەکانى چارەسەرکردووە

رووداو دیجیتاڵ

بۆ چارەسەرى کێشەی وردبینیى لیستى هێزە ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستان، ناوەکانیان بە "کۆد" رادەستى بەغدا دەکرێت. ئەندامێکى پەرلەمانى عێراقیش دەڵێت، "پێشبینی دەکرێت دادگەى فیدراڵیی عێراق روونکردنەوەى دیکەى لەبارەى پرسی بەبانکیکردنى مووچەى فەرمانبەران و ناردنى پارەکە هەبێت."
 
25ـی ئادارى 2024، سەباح حەبیب، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "لە کۆبوونەوەى فراکسیۆنەکەیان لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق "پێمان راگەیێنرا کە رێککەوتن کراوە بۆ ناردنى مووچەى هێزە ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستان، ئەوەش لە رێگەى رادەستکردنى لیستى ناوى کارمەند و فەرمانبەرانیان بەشێوەى کۆد."
 
شەوى رابردوو 24ـی ئادارى 2024، ئەندامانى فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ سەرۆکوەزیرانى عێراق کۆبوونەوە و لە راگەیێندراوێکدا گوتیان "سوودانی دڵنیایی داوە لەوەی کێشەی مووچەی پێشمەرگە و هێزەکانی نێوخۆ و دەزگا ئەمنییەکان چارەسەرکراوە."
 
بڕیار رەشید، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە هەمان فراکسیۆن بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ناردنى ناوى هێزە ئەمنییەکان بە شێوەی "کۆد" بۆ چارەسەکردنى کێشەى مووچەیە.
 
بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، رێککەوتنەکە بەو شێوەیەیە لەبرى ناوى تەواوى کارمەندانى هێزە ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستان بۆ وەزارەتى دارایی عێراق، ناوى ئەو کارمەندانە بە پیت دەنێردرێت بۆ ئەوەى ناسنامەیان ئاشکرا نەبێت.
 
تاوەکو ئێستا حکومەتى عێراق پارەى تەرخانکراو بۆ مووچەى وەزارەتەکانى پێشمەرگە و ناوخۆ و هەندێک لە دەزگاى دیکەى هەرێمى کوردستانى نەناردووە، بە پاساوى ئەوەى لیستى مووچەکانیان ناوی کارمەندەکانیانى تێدا نییە بۆ ئەوەى وردبینیی تێدا بکەن.
 
نووسینگەى رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیرانى عێراقیش لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوە داوە؛ بەدواداچوون بۆ رێکارەکانى هەردوو وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى دەکات لەبارەى بەبانکیکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان، ئەوەش لەپێناو بەردەوامیی ناردنى مووچەکانیان. 
 
21ـی شوبات دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق بڕیاریدا مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بە بانکى بکرێت و لە رێگەى بانکە فیدراڵییەکانەوە بخرێتە سەر حکومەتی عێراق.
 
بڕیار رەشید رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت دادگەى باڵاى فیدراڵى روونکردنەوەیەکى دیکەى هەبێت لەبارەى بڕیارەکەى بۆ ناردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان و بەبانکیکردنى مووچەکانیان.  
 
رۆژی 11ـی ئادار، وەزارەتى دارایی عێراق یەکەم گوژمەی پارەی بۆ مووچەی مانگی شوبات بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە چوار لیست، 560 ملیار و 218 ملیۆن و 37 هەزار و 912 دینار خستە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.