پاتریارکی کەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشووری سەرەخۆشی لە کەسوکاری 6 پێشمەرگە شەهیدەکە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بارەگای پاتریارکی کەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشووری لە هەولێر پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاری ئەو 6 پێشمەرگە دەکات کە لە هێرشێکی مووشەکی لە سنووری سۆران شەهید بوون.
لە راگەیێندراوی بارەگای پاتریارکی کەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشووری لە هەولێر هاتووە، "بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی شەهیدبوونی 6 پێشمەرگە و برینداربوونی نزیکەی 30ی دیکەمان پێگەیشت لەئەنجامی هێرشەکانی ناوچەی سنووری سۆرانی هەرێمی کوردستانی عێراق، کە مووشەکی بالستیکی تێدا بەکارهێنرا، لە دوو رووداوی جیادا بارەگاکانی فیرقەی 7ی پیادەی کەرتی 1 و هێزی فیرقەی پێنجەمی پیادەیان کردە ئامانج، لەکاتێکدا پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسایی ئەمنی لە ناوچەکەدا ئەنجام دەدا."
هەر لە راگەیێندراوی بارەگاکەدا هاتووە، پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاری شەهیدان دەکەن و نزا دەکەن بریندارانی هێرشەکەش زوو چاکببنەوە. هەروەها سەرەخۆشییان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە و دەشڵێن، "نزا دەکەین سەرجەم هاووڵاتییان لە ئارامی دا بژین."
بارەگای پاتریارکی کەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشووری لە هەولێر داوا دەکات، "رێز لە ژیانی خەڵکی ئەم وڵاتە بگیرێت و ئاشتی بەسەر تووندوتیژی و دووژمنایەتیدا زاڵ بێت."