کارەبای نیشتمانیی ئاسایی دەبێتەوە و ئەو پارەیەی بە موەلیدەکان دراوە بۆ کاتی بڕانی کارەبا هەڵدەگیرێ


رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی موەلیدە ئەهلییەکان دەڵێن، دۆخی کارەبای نیشتمانیی ئاسایی بووەتەوە و پارەی وەرگیراوی کرێی موەلیدە ناگەڕێننەوە و لە داهاتوودا لەکاتی بڕانی کارەبای نیشتمانیدا کارەبا دەدەنە هاوبەشان.
 
لە هەولێر بۆ پێدانی 300 کاژێر کارەبا بە موەلیدە ئەهلییەکان، بۆ یەک ئەمپێر 15 هەزار دینار لە هاونیشتمانییان وەرگیراوە، بەڵام 300 کاژێرەکە تەواو نەبووە و کارەبای نیشتمانی ئاسایی بووەتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 25ـی ئاداری 2026، خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دۆخی کارەبای نیشتمانیی ئاسایی بووەتەوە، بەڵام لە 300 کاژێر زۆرینەی موەلیدەکان زیاتر لە 200 کاژێر کارەبایان داوە بە هاوبەشان".
 
خۆرانی گوتی: "هەندێک موەلیدە زیاتر لە 250 کاژێر کارەبایان داوە. هەموو موەلیدەکان ئەو کاژێرانەی کارەبا لایان ماوە لە داهاتوودا لە کاتی بڕانی کارەبای نیشتمانی 24 کاژێریدا کارەبا دەدەنەوە هاووڵاتییان، بۆیە پارە ناگەڕێندرێتەوە".
 
لە سلێمانی بۆ یەک ئەمپێر سەرەتا حەوت هەزار دینار وەرگیرا و دواتر حەوت هەزاری دیکە. ئەمڕۆ چوارشەممە بەرپرسێکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی شارەکە بە رووداوی گوت: "دوو رۆژە کارەبای نیشتمانی هەیە و پێویست بە موەلیدەکان نەبووە کاربکەن".
 
ئەو بەرپرسەی موەلیدەکانی سلێمانی گوتی: "پارە ناگەڕێندرێتەوە، بەڵام ئەو کاژێرانەی کارکردن دەمێننەوە، هەڵدەگیرێن و هەرکات کارەبا بڕا، کارەبا دابیندەکەین".
 
بە کاریگەریی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، کارەبای نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان لە 28ـی شوباتەوە لە 24 کاژێرییەوە بۆ نزیکەی 5 کاژێر کەمی کرد، ئەوەش بووە هۆکاری ئەوەی جارێکی دیکە موەلیدە ئەهلییەکان کارکردن دەستپێبکەنەوە.