وەزارەتی شارەوانی: فۆرمی نزیکەی 500 هەزار فەرمانبەر و پێشمەرگە بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە


رووداو دیجیتاڵ

سەرپەرشتیاری لیژنەی وردبینیی فۆرمی زەوی لە وەزارەتی شارەوانیی رایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندیی لەسەر دوایین بەشی فۆرمەکان داوە و دوای پشووەکان رەوانەی شارەوانییەکان دەکرێن، دەشڵێت "زیاتر لە 490 هەزار فۆڕم پەسندکراون".

رۆژی چوارشەممە، 25ـی ئاداری 2026، سەربەست مەولوود بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی داوە لەسەر کۆتا بەشی فۆرمەکان کە بۆ دابەشکردنی زەوی پێشکەشیان کرابوو، نزیکەی دوو هەزار و 300 فۆرمن و کە فەرمانبەر و خانەنشینی تێدایە؛ بەهۆی پشووەکانەوە بۆ شارەوانییەکان کەمێک دواکەت دوای تەواوبوونی پشووی جەژن، فۆرمەکان بەپێی شوێنی نیشتیەجێبوویان دەنێرین و کارتی زانیارییان دەنێردرێن".
 
سەبارەت بە کۆی گشتیی ئەو فەرمانبەرانەی رێکارەکانیان تەواو بووە، سەربەست مەولوود ئاماژەی بەوە کرد، زیاتر لە 490 هەزار فەرمانبەر، خانەنشین و پێشمەرگە فۆرمی وەرگرتنی زەوییان گەڕاوەتەوە شارەوانییەکان و ژمارەیەکی زۆریشیان تیروپشکی وەرگرتنی زەوییان بۆ کراوە.
 
لەبارەی فەرمانبەرانی گرێبەست، سەرپەرشتیاری لیژنەی وردبینی فۆرمی زەوی لە وەزارەتی شارەوانیی روونیکردەوە، بۆ ئەوەی بزاندرێت چەند فەرمانبەری گرێبەست سوودمەند دەبن، بەدواداچوون بۆ داتاکانیان دەکرێت و کۆدەکرێنەوە، دواتر فۆڕمەکان دەگەڕێنەوە وەزارەتی شارەوانی بۆ مەبەستی وردبینی.
 
رۆژی 7-2-2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: "سەرەتای مانگی داھاتوو وردبینی لە ناوی فەرمانبەرانی گرێبەست دەستپێدەکات بۆ ئەوەی رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت بۆ پێدانی زەوی".
 
بەپێی ئامارەکان، لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان نزیکەی 480 هەزار فەرمانبەر و خانەنشین فۆرمیان پەسند کراوە و بۆ شارەوانییەکان گەڕێندراونەتەوە، کە زیاتر لە 200 هەزاریان سەرباز و هێزە ئەمنییەکانن.
 
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی شارەوانی کە بۆ (رووداو) خراونەتەڕوو، کۆی گشتیی 487 هەزار فۆڕم پەسندکراون و دابەشبوونیان بەسەر شار و ئیدارە سەربەخۆکان، هەولێر بە زیاتر لە 145 هەزار فۆڕم لە ریزبەندی یەکەم دێت، دواتر سلێمانی بە زیاتر لە 130 هەزار فۆڕم، دهۆک بە زیاتر لە 86 هەزار فۆڕم، سۆران بە 40 هەزار فۆڕم، راپەڕین بە نزیکەی 35 هەزار فۆڕم، گەرمیان زیاتر لە 30 هەزار فۆڕم، زاخۆ بە زیاتر لە 15 هەزار فۆڕم و دواتر هەڵەبجە بە نزیکەی لە 12 هەزار فۆڕم لە کۆتایی دێت.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو کە کە 10ـی شوباتی 2026 کراوە، ئەوکات زۆرترین پارچە زەوی لە سنووری پارێزگای هەولێر دابەشکراوە، کە 67 هەزار پارچەیە، لە سلێمانی 20 هەزار، دهۆک نزیکەی 4 هەزار و لە هەڵەبجە تەنیا 60 پارچە زەوی دابەشکراوە.
 
دابەشکردنی زەوی لە چوارچێوەی بڕیارێکی 27ـی ئاداری 2024 ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە کە بڕیاری دا زەوی بدرێتە ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی سوودمەند نەبوون.