پۆلیسێکی کورد لە کەرکووک لە تەقینەوەی بۆمبێکدا گیانی لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ
 
لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێک لەکاتی هەڵگرتنەوەیدا لەبەردەم ماڵی سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی لە کەرکووک، پۆلیسێک گیانی لەدەستدا و بەرپرسەکەی حەشد و دوو کەسی دیکە بریندار بوون.
 
هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک بەدواداچوونی کردووە و دەڵێ: "بۆمبەکە لەبەردەم ماڵی سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی بەناوی عەلی جەعفەر دانراوە و لەکاتی هەڵگرتنەوەیدا لەلایەن پۆلیسەوە تەقیوەتەوە".
 
رووداوەکە ئەمڕۆ چوارشەممە 25ـی ئادار روویداوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، دوای ئاگادارکردنەوەی پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکانی کەرکووک لە هەبوونی بۆمبەکە، تیمێک چوون بۆ هەڵگرتنەوەی، بەڵام لەو کاتەدا بۆمبەکەیان پێدا تەقیوەتەوە.
 
لە ئەنجامی تەقینەوەکە پۆلیسێک کە کوردە و کاکەییە بە ناوی (م. س) گیانی لەدەستداوە، هەروەها عەلی جەعفەر، سەرکردەکەی حەشدی شەعبی، پۆلیسێک و کارمەندێکی شارەوانی کە لەو ناوچەیە بووە بریندار بوون.
 
بریندارەکان رەوانەی فریاکەوتن کراون و هێزە ئەمنییەکان پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ رووداوەکە کردووەتەوە.