وەزارەتی کارەبا: کوژانەوەی گشتی لە هەرێمی کوردستان روویدا

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، بەهۆی گرفتێکی تەکنیکییەوە "کوژانەوەی گشتی" (Blackout) لە هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبا روویداوە و تیمەکانیان سەرقاڵی چاککردنەوەن.
 
بەرەبەیانیی پێنجشەممە، 26-03-2026، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا هاونیشتمانییانی ئاگادارکردەوە کە بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی لە هێڵەکانی گواستنەوە، کارەبا لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بڕاوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لە ئێستادا تیمەکانی وەزارەتی کارەبا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە هۆکاری کێشەکە بۆ ئەوەی بەزووترین کات چارەسەری بکەن."
 
هەروەها لەبارەی "کوژانەوە گشتییەکە" شەعبان ئیبراهیم، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای دهۆک بە رووداوی گوت: "هۆکاری کوژانەوەکە تەکنیکی بووە، سەرقاڵی چارەسەرن."
 
شەعبان ئیبراهیم گوتی: "هۆکاری کێشەکەش، کەوتنی چەند ستوونێکی کارەبا بووە کە گومان دەکرێت بەهۆی رۆچوونی زەوی لەدوای بارانبارین روویدابێت."
 
بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای دهۆک: "ئەم کوژانەوەیە بەشێک پارێزگای هەولێریشی گرتووەتەوە چونکە نزیکەی 400 مێگاوات کارەبای دهۆک لە هەولێرەوە دێت و ئەو بڕە ئێستا پێمان ناگات، ڤۆلتیەی وێستگەکانی باعەدرێ و کواشێش کەمیان کردووە و کوژاونەتەوە." 
 
هەروەها لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی کارەبا دا هاتبوو: کارەبا بۆ هاونیشتمانییان "لە چەند کاتژمێری داهاتوودا" دەگەڕێتەوە.
 
وەزارەتی کارەبا جەختیشی کردووەتەوە کە لەگەڵ هەر پێشهاتێکی نوێ و نزیکبوونەوە لە چاککردنەوەی تەواوەتیی گرفتەکە، هاونیشتمانییان لە وردەکارییەکان ئاگادار دەکەنەوە.