هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە 450 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە؛ 14 گیانلەدەستدان و 85 بریندار هەن
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لەگەڵ ئێران، هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە 450 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتە سەر و لە ئەنجامدا 14 کەس گیانیان لەدەستداوە، لەنێویاندا شەش پێشمەرگە و یەک ئاسایش هەن.
بەگوێرەی ئامارە کۆکراوەکە، زۆرینەی هێرشەکان بۆسەر هەولێر و دەوروبەری بوون کە زیاتر لە 350 درۆن و مووشەک بوون، دواتر سلێمانی بە 90 درۆن و مووشەک، پاشان دهۆک بە حەوت درۆن و پارێزگای هەڵەبجەش لە یەک هێرشدا دوو درۆن بۆسەری بەکارهێندراوە.
نوێترین هێرشەکان لە 24 کاژێری رابردوو
سەرچاوەیەکی ئەمنی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، شەوی رابردوو تاوەکو نزیک کاژێر 12:00ـی شەو "زیاتر لە چوار مووشەک و پێنج درۆن ئاراستەی هەولێر کران و پێش گەیشتنیان بە ئامانج لە ئاسمان تێکشکێندران".
هەروەها کاژێرەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، بە درۆن هێرشکرایە سەر پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە هەولێر. بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆیانەی بڵاو بوونەتەوە، ئاگر لە یەکێک لە باڵەخانەکان کەوتەوە، هاوکات زیانی مادی بەر چەند ئۆتۆمبێلێک کەوت.
هەروەها نیوەڕۆی دوێنێ سێشەممە، چوار درۆن ئاراستەی شاری هەولێر کران. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هەر چواریان خرانە خوارەوە و پاشماوەکانیان لە چەند گەڕەکێکی جیاواز کەوتنە خوارەوە.
هێرشەکانی دووشەممە ئەمانە بوون:
- نزیک کاژێر 12:00ـی شەوی دووشەممە، پێنج درۆن لە ئاسمانی هەولێر دوای تێكشکاندنیان کەوتنە خوارەوە.
- نزیک کاژێر 11:00ـی شەوی دووشەممە، درۆنێک لە ئاسمانی هەولێر تێکشکێندرا.
- نزیک کاژێر 08:00ـی شەوی دووشەممە، دوو درۆن لە ئاسمانی هەولێر تێکشکێندران و پاشماوەکانیان کەوتنە گەڕەکەکانی شارەکە.
- شەوی دووشەممە، درۆنێک لە بەرزاییەکانی کەسنەزان لە هەولێر کەوتە خوارەوە.
- شەوی دووشەممە، بە درۆنێک کەمپی ماڵباتی پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی لە نزیک شاری هەولێر بۆردوومان کرا.
- شەوی دووشەممە درۆنێک لە ئاسمانی سۆران خرایە خوارەوە.
- رۆژی دووشەممە نزیک کاژێر 05:30ـی بەیانی، درۆنێک دوای پێکانی لەلایەنی هێزی بەرگرییەوە، کەوتە سەر ماڵێک لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری هەولێر.
- ئێوارەی دووشەممە، درۆنێک لە سنووری قەزای خەلیفان لە پارێزگای هەولێر کەوتە خوارەوە.
- شەوی دووشەممە بە درۆن هێرش کرایە سەر کەمپی ماڵباتی پێشمەرگەکانی یەکێک لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی.
- ئێوارەی دووشەممە لە گوندێکی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی چوار درۆن کەوتنە خوارەوە. دیارنییە خۆیان کەوتوون یان خراونەتە خوارەوە.
کۆی ئامارەکان
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە 28ـی شوباتەوە بە 453 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکە، لەو ماوەیەدا 354 درۆن و مووشەک ئاراستەی پارێزگای هەولێر کراون؛ 90 درۆن و مووشەک ئاراستەی پارێزگای سلێمانی کراون؛ هەروەها حەوت درۆن ئاراستەی پارێزگای دهۆک و دوو درۆنیش لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە کەوتوونەتە خوارەوە.
بەگوێرەی ئامارەکان، لە ئەنجامی هێرشەکان لە 28ی شوباتەوە 14 کەس گیانیان لەدەستداوە و 85 کەسیش بریندار بوون.
ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، شەشیان پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک بوون لە سنووری خەلیفان لە پارێزگای هەولێر شەهید بوون، یەکێکیان کارمەندێکی ئاسایش بوو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر شەهید بوو، شەشیان پێشمەرگەی سێ حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون کە دووانیان لە هەولێر و دووانیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دووانەکەی دیکەش لە سنووری باشیک لە دەشتی نەینەوا شەهید بوون؛ هەروەها 12ـی ئادار سەربازێکی فەرەنسا لە هەولێر گیانی لەدەستدا.
بەگوێرەی ئاماری کۆکراوەی رووداو، بەشێکی بریندارەکان بریتین لە 30ـی پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سێ کارمەندی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، هەروەها سێ پێشمەرگە، دوو پاسەوانی تایبەت لە بارەگای پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی، پاسەوانێکی هۆتێل تایتانیک لە سلێمانی، هەروەها دوو کارمەندی بەرگری شارستانیی خەلیفان و دوو پێشمەرگە لە هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە بەشێکی دیکەی بریندارەکان بوون.
هەر لەنێو بریندارەکان 13 سڤیل هەن. یەکێکیان ماتۆڕسواری دیلیڤەری بوو لە هەولێر، یەک بریندار لە کەمپی باجد کەنداڵ لە زاخۆ، پەرستارێک لە کەمپی ئازادی لە کۆیە، سێ سڤیلی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کەمپی زەوی سپی لە کۆیە و یەک منداڵیش لە گەڕەکی قالاوە لە سلێمانی، هەروەها دوو هاونیشتمانی لە کەمپی جەژنیکانی سنووری هەولێر و چوار هاونیشتمانی لە گەڕەکێکی هەولێر بریندار بوون.
بریندارەکانی دیکە پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و پێنج سەربازی فەرەنسی بوون لە هەولێر.
ئەو ناوچانەی بۆردوومان کراون
پارێزگای هەولێر
درۆن و مووشەک لەم ناوچە و گەڕەکانە کەوتوونەتە خوارەوە: سپیلک، مەلا قەرە، کارێزان، کەمپی زەوی سپی، کەمپی جەژنیکان، کانی قرژاڵە، دریم سیتی، کەسنەزان، پیرزین، فەرمانبەران، سێبیران، رۆشنبیری، ژیان، کوردستان، نەورۆز، گوندی کۆری، گەزنە، بەحرکە، عەنکاوە، خەلیفان، فڕۆکەخانەی هەولێر و دەوروبەری، دێگەڵە، کەمپی ئازادی، چۆمان، سۆران و بارەگای یەکەکانی پێشمەرگە.
پارێزگای سلێمانی
سلێمانی، مێرگەپان، قالاوە، گەڕەکی بەرانان، شەقامی 60 مەتری، گوندی زڕگوێز، گوندی زڕگوێزەڵە، ناحیەی سوورداش، قەزای كفری، هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە، گەڕەکی تاسڵوجە، چیای زمناکۆ و بارگەی یەکەکانی پێشمەرگە.
پارێزگاکانی دهۆک و هەڵەبجە
کێڵگەی نەوتی سەرسنگ، کەمپی باجد کەنداڵ و سنووری ئاکرێ و سنووری بەردەڕەش.
هەروەها پارێزگای هەڵەبجە و چیای شنروێ لەو شوێنانە بوون کە بۆردوومان کراون.
جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران 28ـی شوبات دەستیپێکرد، لە یەکەم رۆژی شەڕەکەوە هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەستیانپێکردووە.