102 بریكاری فرۆشتنی گازی شلی ماڵان لە سلێمانی سزادران


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی دەڵێ، 102 بریكاری دابەشكردنی بوتڵی گازی شلی ماڵان بەهۆی ‏گرانفرۆشییەوە سزادراون ‌و ‏سزاكانیش تاوەكو ئاستی وەرگرتنەوەی مۆڵەتی بریكاری فرۆشتنەكە ‏رۆیشتوون.‏
 
هیوا ساڵح، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی، ئەمڕۆ ‏چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی گرانفرۆشی‌ و ‏سەرپێچی جۆراوجۆرەوە 102بریكاری فرۆشتنی بوتڵی گازی شلی ماڵانیان ‏سزاداوە.
 
هیوا ساڵح گوتی: "سزاكان جۆراوجۆربوون. هەندێكیان پێبژاردنیان بۆ دەرچووە، ‏تەنانەت كەس هەبووە بڕیاری لێسەندنەوەی بریکارییەکەی دراوە".  ‏
 
سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی باسی لەوە کرد، ‏نرخی بوتڵێك گاز نابێت لە 8500 دینار زیاتر بێت ‌و گوتیشی: ‏‏"دەبێت لەمەودوا هەموو بریكارەكانی دابەشكردنی گاز ژمارە تەلەفۆنی ‏سەر بۆردەكانیان بەردەوام كراوە بێت تاوەكو لەكاتی پێویستە ‏پەیوەندیان پێوەبكرێ".‏
 
لەچەند رۆژی رابردوودا گرفتی كەمی گازی شل هەبوو، بەڵام ئێستا گرفتەكە ‏بەرەو كەمبوونەوە رۆیشتووە.‏