عەدنانی حەمەی مینا باسی ماچەكەی هادی عامری دەكات

رووداو- هەولێر

فەرماندەیەكی پێشمەرگە رایدەگەیێنێ،‌ بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی خورماتوو دووبارە لەگەڵ هادی عامری، فەرماندەی باڵای حەشدی شەعبی كۆدەبنەوە، لەبارەی ئەو رەخنانەش كە لەبارەی پێشوازی گەرم ‌و ماچكردنی هادی عامری لێیاندەگیرێت، دەڵێت "ئەو بۆ رێككەوتن هاتووە، خۆ ناكرێت تەقەی لێبكەین".

عەدنانی حەمەی مینا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ‌و فەرماندەی پێشمەرگە بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "بۆ رێككەوتن لەسەر كێشەكانی خورماتوو جارێكی دیكە لەگەڵ هادی عامری كۆدەبینەوە، رەنگە رۆژی سێشەممە 26-4-2016 كۆبوونەوەكە بكەین". ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە باسی لەوەش كرد "لە هەڵگیرسانەوەی شەڕ لە خورماتوو دیارنییە كێ‌ تۆمەتبارە، بۆیە جارێكی دیكە كۆدەبنەوە تاوەكو چارەسەرێكی ریشەیی بۆ كێشەكان بدۆزنەوە".

سەبارەت بەو رەخنانەش كە لێیان دەگیرێ‌، لەسەر ماچكردن ‌و پێشوازی گەرم لە هادی عامری، عەدنانی حەمەی مینا گوتی "هاتنی هادی عامری بۆ لای ئێمە پەیامێكە بۆ ئاشتی و پێكەوەژیان، ئەو بۆ رێككەوتن هاتووە خۆ ناكرێت تەقەی لێبكەین".

دوای شەڕەكەی رۆژی 24-4-2016 لەنێوان پێشمەرگە‌و حەشدی شەعبی، هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێكخراوی بەدر ‌و فەرماندەی باڵای حەشدی شەعبی، سەردانی نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركووكی كرد‌ و لەلایەن چەندین بەرپرسی پێشمەرگە كە یەكێكیان عەدنانی حەمەی مینا بوو پێشوازی لێكرا، لەسەر ماچكردنی هادی عامری ‌و شێوازی پێشوازییەكە رەخنە لەو بەرپرسانەی كورد گیرا.

درەنگانی شەوی 23/4/2016 ، بۆ یازدەمین جار لە مانگی 11 ی ساڵی رابردووەوە، شەڕ لەنێوان حەشدی شەعبی و كورد لە خورماتوو هەڵگیرسایەوە، لەو شەڕەدا 11 پێشمەرگە و هاونیشتمانی كورد شەهیدبوون و ژمارەیەكیشیان بریندرابوون، لەنێو شەهیدەکانی پێشمەرگە ئەفسەر و پلەدار هەبوون، لەبەرامبەردا بەپێی ئامارەکان کە تاوەكو ئێستا پشتڕاست نەکراونەتەوە، چەکدارانی حەشدی شەعبی زیاتر لە 25 کوژراو و 40 برینداریان هەبووە، هاوکات زیاتر لە 20 خانووی هاونیشتمانیانی کورد لەنێو خورماتوو سووتێندران.